بۆرما.. گروپێکی چەکدار دەروازەیەکی سنوورییان لەگەڵ چین کۆنتڕۆڵکرد

K24 - هەولێر

میدیاکان بڵاویانکردەوە، گرووپێکی چەکدار لە بۆرما دەستیان بەسەر دەروازەیەکی سنووریی لەگەڵ چیندا گرتووە کە لەژێر چاودێریی فەرمانڕەوایی ئەو وڵاتەدا بووە.

ویلایەتی شان لە باکووری بۆرما، نزیک سنووری چین، لەو کاتەی سێ گرووپی چەکدار لە مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوودا هێرشیان کردە سەر سوپای وڵاتەکە پێکدادان لەو ناوچەیە بەردەوامە.

ئەم گرووپانە دەستییان بەسەر دەیان شوێنی سەربازی و شارۆچکەیەکی سەرەکی بۆ بازرگانی لەگەڵ چین داگرت، هەروەها رێگریان لە رێڕەوی ئاڵوگۆڕکردن لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی ئاسیادا گرت و ئەنجومەنی سەربازییان لە سەرچاوەی دارایی گرنگ بێبەش کرد.

بەگوێرەی هەواڵێکی میدیایی، سوپای هاوپەیمانی نیشتمانی دیموکراتی میانمار، یەکێکە لەو سێ گرووپە، لە هێرشێکیدا بەندەری کین سان کیاوتی کۆنتڕۆڵکرد.

ماڵپەڕی کۆکانگ نیوز، رۆژی یەکشەممە، بڵاویکردەوە، "بەیانی ئەمڕۆ گروپەکە کۆنترۆڵی دەروازەیەکی بازرگانی سنووری راگەیاندووە، کە بە کین سان کیاوت ناسراوە لە ناوچەی مۆنگکۆ"، ئاماژەی بەوەشکردووە، هاوپەیمانی ئەو سێ گروپە رۆژی هەینی هێرشییان کردە سەر شوێنەکانی دیکەی بازرگانی سنووریی و کۆنترۆڵیان کردووە.

سەرچاوەیەکی ئەمنی بۆ ئاژانسی فرانس پرێسی پشتڕاستکردەوە کە "سوپای هاوپەیمانی نیشتمانی دیموکراتی میانمار" ئاڵای خۆی لە بەندەرەکەدا هەڵکردووە.

ئەم دەروازە سنوورییە لە ساڵی 2022 لە دوای پەتای کۆڕۆنا کرایەوە و بە وێستگەیەکی گرنگ دادەنرێت بۆ ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەسەر سنووری نێوان چین و بۆرما.

لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا، میدیاکانی میانمار لە زاری گوتەبێژی ئەنجومەنی سەربازی میانمارەوە بڵاوکردەوە و گوتی: نزیکەی 120 بارهەڵگر لە نزیک خاڵی سنووری میانمار سووتاون و گروپە چەکدارەکانیش تۆمەتبارن بەوە.

جووڵەی بازرگانی لە رێگەی بەندەری کیێن سان کیاوتەوە بریتی بووە لە ئامێری کارەبایی، تراکتۆری کشتوکاڵی و کەرەستەی بەکاربەر.

لە سەرەتای ساڵی 2021دا، کودەتای سەربازی بەسەر سەرۆکی وڵات "ئانگ سان سوچی" دا کرا و دواتر دەستگیرکرا و سوپای وڵاتیش دەسەڵاتی گرتە دەست.