قوباد تاڵەبانی: پابەندین بە یاسای بودجە و دەبێت حکومەتی فیدراڵیش پابەندبێت

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

قوباد تاڵەبانی دەڵێت، "حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندی یاسای بودجە بووە و دەبێت حکومەتی فیدرالیش پابەندی یاساکە بێت و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-11-2023، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەبارەی "دابینکردنی مووچەی هەرسێ مانگی 10، 11 و 12ـی مووچەخۆران" بە کوردستان24ـی راگەیاند: "دەبێت ئێمە (لە هەوڵەکانمان) بەردەوام بین، لەگەڵ حکومەتی فیدراڵی لەسەر هێڵ بین و ئەو بیانوویانەی پێشکەشی دەکەن بۆ دواخستنی بەشە بودجەی هەرێم یان مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان، بۆیان روونبکەینەوە کە ئەمە مافێکی شایستەی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستانە".

حکومەتی هەرێمی کوردستان وەکو ئەوەی قوباد تاڵەبانی باسی دەکات، پابەندبووە بە یاسای بودجەی عێراق، "حکومەتی فیدرالیش دەبێت پابەندبێت بە یاسای بودجە و بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان بنێرێت".

ئەمە لە کاتێکدایە، بڕیارە سبەی دووشەممە، 27-11-2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی حکومەتی عێراق کۆببێتەوە.

ئومێد سەباح لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "سبەی لە بەغدا لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبینەوە، بێگومان گفتوگۆمان زیاتر لەسەر مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دەبێت، ئێمە لەژێر رێنماییەکانی سەرۆکی حکومەت هەوڵدەدەین شایستە دارایی و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان بپارێزین".

بە گوتەی سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانجی سەرەکیی شاندەکە لە چوونی بۆ بەغدا "وەرگرتنی شایستە داراییەکانی خەڵکی کوردستانە بەتایبەتی مووچەخۆران. هاوکات جەنابی سەرۆکی حکومەت لە پەیوەندییەکی بەردەوام بووە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، خۆی نەخشەدانەری هەموو ئەو کارانە بووە کە ئێمە لە بەغدا ئەنجاممان داوە".