کاندیدێکی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازمان لەپێشە

فارس بریفکانی، کاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاری نەینەوا
فارس بریفکانی، کاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاری نەینەوا

K24 - هەولێر

کاندیدێکی پارتی بۆ ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا داوا لە هاووڵاتییان دەکات بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەڵێت، هەڵبژاردنی داهاتوو "هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازە".

ئەمڕۆ یەکشەممە، 26-11-2023، فارس بریفکانی، کاندیدی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاری نەینەوا بە کوردستان24ـی راگەیاند، "هەڵبژاردنی داهاتوو بۆ پارتی و هەموو لایەنە سیاسییەکان چارەنووسسازە؛ سەرکەوتنی پارتی بە مانای پاراستنی ئەو دەستکەوتانە دێت کە لە ماوەی چەند ساڵی رابردوودا تۆمارمان کردوون، بۆیە داوا لە دەنگدەران دەکەین بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دەنگ بە پارتی بدەن".

بە گوتەی بریفکانی، "زۆرینەی کەرتەکانی ژیان لە سنووری پارێزگای نەینەوا لاواز و پشتگوێ خراون. بەرنامەی پارتی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، بەرنامەیەکی تەواوە و چارەسەریی زۆرینەی کێشەی هاووڵاتییانی ئەم پارێزگایە دەکات بەتایبەت کێشەکانی تایبەت بە کەرتی تەندروستی".

کاندیدەکەی پارتی دەڵێت: "داوا لە هاووڵاتییان بە شێوەیەکی گشتی و بەتایبەت هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای نەینەوا دەکەین بچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان، چونکە ئەوەی بەشدای لە هەڵبژاردنی ئەنجـوومەنی پارێزگاکان نەکات، مافەکەی دەفەوتێت. کاتێک رۆژی هەڵبژاردنیش دێت، دەببێت دەنگدەر بزانێت دەنگ بە کێ دەدات".

زیاتر لە 660 هەزار ئاوارە لە کەمپە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن، %41ـیان لە سنووری پارێزگای هەولێر، %40ـیان لە دهۆک و %19ـشیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەژین. کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەڕێگەی 52 بنکەی تۆمارکردنەوە ناوی ئاوارەکانی بۆ هەڵبژاردنەکە تۆمارکردووە.

بریفکانی داواش لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و لایەنە پەیوەندیدارەکان  دەکات "ئاسانکاری بۆ دەنگدەرانمان بکەن بۆ ئەوەی بتوانن بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا بکەن و مافیان نەفەوتێت، بەتایبەت ئەوانەی دوای شەڕی داعش ئاوارەبوون و ئێستا لە کەمپەکانی هەرێمی کوردستان نیشتەجێن".

رۆژی یەکشەممە 6ـی ئابی 2023، نازم  هەرکی، جێگری پەرپرسی مەکتەبی رێکخستنی نەینەوای پارتی دیموکراتی کوردستان، لەمیانی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی "ئەمڕۆ"ـی کوردستان24، رایگەیاند، "وەکو پارتی هەموو ئامادەکارییەکی پێویستمان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کردووە و گەشبینین بەوەی جارێکی دیکە زۆرینەی دەنگەکانی سنووری پارێزگاکە بەدەستبهێنین و ئەم جارەش ببینە یەکەم".

بڕیارە رۆژی 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بێجگە لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەبچێت. زیاتر لە 23 ملیۆن و 368 هەزار کەس دەتوانن لەم هەڵبژاردنەدا دەنگ بدەن.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

لەبارەی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لە یاسای ژمارە (4)ـی ساڵی 2023 کە تایبەتە بە هەموارکردنەوەی سێیەمی یاسای هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی عێراق و ئەنجوومەنی پارێزگاکانی ژمارە (12)ـی ساڵی 2018، زۆرترین کورسی لە بەغدای پایتەختە بە 49 کورسی و دوای ئەویش پارێزگای نەینەوا دێت بە 26 کورسی و پارێزگای بەسرەش 22 کورسی هەیە و پارێزگای کەرکووکیش 15 کورسی هەیە. بەشێوەیەک، کۆی گشتی ژمارەی کورسی ئەنجوومەنی هەر 15 پارێزگاکە بریتییە لە 275 کورسی و 75 کورسییان تایبەتە بە کۆتای ئافرەتان.