کوێستان محەممەد: بەمزووانە سندووقی شیاندن بۆ خزمەتکردنی چەند توێژێک دەكەوێتە كار

کوێستان محەمەد، وەزیری کار بو کاروباری کۆمەڵایەتی
کوێستان محەمەد، وەزیری کار بو کاروباری کۆمەڵایەتی

K24 – هەولێر:

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، سندووقی شیاندن بۆ خزمەتکردنی خاوەن پیداویستییە تایبەتەکان و کورتەباڵایان بەمزووانە دەکەوێتە کار. گوتیشی: كۆكردنەوەی داهات و خەرجكردنەوەی لە بواری تەندروستی و ئابووری و كۆمەڵایەتی بۆ ئەو توێژانە، یەکێکە لە بەرنامەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە مەبەستی سەرەکی گرنگیدانە بەم توێژانە.

کوێستان محەممەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاند، سندووقی شیاندن و چاودێریی كەمئەندامان لە یاسای ساڵی 2011 هاتووە و جێبەجێ نەكراوە، لەم كابینەیەدا پەیڕەوەكەی ئامادەكراوە و بە زۆرینەی دەنگی ئەنجوومەنی وەزیران و بە واژۆی مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێم پەسند كراوە.

ئاماژەی بەوەدا، پاش ئەوەی رێنمایی بۆ دەردەچێت، لە شارەكان و ئیدارە سەربەخۆكان چەند هەژمارێكی بانكی دەكرێتەوە، تاوەکو هەركەسێك لە خێرخوازان و خاوەن كۆمپانیا و دەوڵەمەندەكان، كە دەیانەوێت هاوكاریی كەمئەندامان و كورتەباڵاكان بكەن، بتوانن پارە بخەنە ناو ئەو سندووقە و دواتریش بەپێی پەیڕەو و بە چاودێری، بۆ خزمەتگوزارییە جۆراوجۆرەكانی ئەو توێژە خەرج بكرێتەوە.

وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی، گوتیشی: "ئەوەی ئیدارەی سندووقەكە دەكات ئەنجوومەنی شیاندنە، جگە لە سەرپەرشتیی بریكاری وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، نوێنەری خاوەن پێداویستیە تایبەتەکان و كورتەباڵایان و چەندین وەزارەتی تێدایە، دواجاریش سندووقەكە دەكەوێتە ژێر چاودێریی دیوانی چاودێریی داراییەوە، لە ئەگەری خەرجكردنی داهاتەكە بۆ مەبەستێكی جیاواز لە ئامانجی سندووقەكە، تووشی لێپرسینەوە دەبن".

لە 9ی ئابی 2023، لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستاندا، بڕیار لەسەر دروستکردنی سندووقی شیاندن بۆ کەسانی خاوەن پێداویستیی تایبەت و كورتەباڵایان درا، ئەمەش بۆ هاوکاریکردنی ئەم توێژانەیە كە خۆی دەبینێتەوە لە كۆكردنەوەی داهات و خەرجكردنەوەی لە بواری تەندروستی و ئابووری و كۆمەڵایەتی.