تامی ئەیمس: کەنەدا پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە

تامی ئەیمس، سەرۆکی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر
تامی ئەیمس، سەرۆکی نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر

K24 – هەولێر:

بەڕێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر، ئاماژەی بەوەدا، لەگەڵ هەرێمی کوردستان پێکەوە کار لەسەر چەندین پڕۆژەی جیاواز دەکەن. هەروەها گوتیشی: بڕوام وایە هەلی زۆر زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان و کەنەدا هەیە بۆ ئەوەی هەماهەنگی باشتریان هەبێت و کار زیاتر بەیەکەوە بکەن.

ئەمڕۆ یەکشەممە (26ـی تشرینی دووەمی 2023) تامی ئەیمس، بەڕێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر، له‌ ده‌ستپێكی هه‌ڵمه‌تی 16 رۆژه‌ی نه‌هێشتنی توندوتیژی دژی ئافره‌تان تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئامانجی ئێمە ئەمڕۆ ئەوەیە کە بەبیری خەڵکی بێنینەوە توندوتیژی دژی ئافرەتان قبوڵکراو نییە و رێگەی باشتر هەیە بۆ ئەوەی رووبەڕووی کێشەکان ببینەوە، بە تایبەتی بە ئافرەتان بڵێین کە خەڵکانێک هەن دەیانەوێت یارمەتییان بدەن بۆ ئەوەی ژیانێکی باشتریان هەبێت.

بەڕێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر، هاوکات راشیگەیاند، دەمانەوێت بە پیاوان بڵێین کە توندوتیژی دژی ئافرەتان قبوڵکراو نییە، هەروەها دەمانەوێت بە ئافرەتان بڵێین کە مافی ئەوان چییە و نابێت رێگە بەم هەڵسوکەوتە بدەن و بژاردەی دیکەیان هەیە.

تامی ئەیمس، لەبارەی پەیوەندییەکانی کەنەدا و هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەدا، "کەنەدا پەیوەندییەکی زۆر باشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان هەیە، ئێمە لە هەولێر نووسینگەیەکی بچووکمان هەیە بەڵام زۆر کاراین، لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کار لەسەر پرۆژەی جیاواز دەکەین،  کە تایبەتن بە مافی ئافرەتان و پەروەردە بۆ ئافرەتان، دەمانەوێت لە چەندین بواری دیکە پێکەوە کار بکەین وەک گۆڕانی کەشوهەوا، بڕوام هەیە هەلی زۆر زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان و کەنەدا هەیە بۆ ئەوەی هەماهەنگی باشتریان هەبێت و کاری زیاتر بەیەکەوە بکەن.

لەبارەی رۆڵی ئافرەتان لە هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەری نووسینگەی باڵیۆزخانەی کەنەدا لە هەولێر، گوتی: دەبینین لە هەرێمی کوردستان ئافرەتان زۆر کاران، هەروەها کاری بازرگانی دەکەن، لە رێگەی رێکخراوە ناحکومییەکان کاردەکەن و هاوکاری ئافرەتان دەکەن و پاڵپشتیان لێ دەکەن.

سەبارەت بە رۆڵی رێکخراوەکان لە هەرێمی کوردستان لەبەرامبەر کەمکردنەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، تامی ئەمیس، دەڵێت: پێموایە دەبێت ئافرەتان بەشێک بن لە چارەسەر، ناکرێت خەڵکی دیکە بڕیار لەبری ئەوان بدەن، چونکە ئەمە کاریگەری لەسەر ژیانیان دەبێت، رێکخراوەکان باشترین شوێنن بۆ ئەوی لەوێدا بڕیاڕ بدرێت و بیرۆکەی نوێی تێدا بێتە ئاراوە، هەروەها بە دوای ئەو هەلانە دەگەڕێین بۆ ئەوەی بتوانین ئەم هەڵسوکەوتانە بگۆڕین و ژیانێکی باشتر لە کوردستان بۆ هەمووان دابین بکەین.

رۆژی شەمە (25ـی تشرینی دووەمی 2023) رۆژی جیهانی بەرەنگاربوونوەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان بوو، بەمهۆیەوە هەڵمەتێکی 16 رۆژەی كار و چالاكی بۆ بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.

هەروەها مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە رۆژى جيهانيى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى توندوتيژى دژى ئافره‌تاندا، لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس (تویتەری پێشوو) ئاماژەی بەوە کردووە، "پابەندبوونی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە پاراستنی مافەکانی ئافرەتانی کوردستان و رووبەڕووبوونەوەی توندوتیژی بە گشتی و توندوتیژی بەرامبەر ئافرەتان بە تایبەتی، دووپات دەکەینەوە."

لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە: " حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە لە کارکردن لە پێناو بنبڕکردن و سنووردانان بۆ دیاردەی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە رێگەی بەهێزکردنی پێگەی ئافرەتان لە ناو حکومەت و جێبەجێکردنی یاساکان و کاراترکردنی رۆڵی دادگاکان و دەستگیرکردن و بە سزاگەیاندنی تاوانباران".