هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا: کورد هەوڵی بەدەستهێنانەوەی پۆستەکانی دەدات

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا
هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا

K24 – هەولێر:

دوای 10 ساڵ جارێکی دیکە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە نەینەوا بەڕێودەچێت و زیاتر لە 600 کاندید کێبڕکی لەسەر 26 (لەگەڵ سێ کورسی کۆتای پێکهاتەکان) کورسی ئەو ئەنجوومەنە دەکەن و تاکە لیستی کوردی سەربەخۆش لیستی پارتییە و سێ حزبی دیکەی کوردستانیش لەگەڵ هاوپەیمانی پێکهاتەکانی دیکە چوونەتە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە.

بڕیارە لە (18ـی کانوونی یەکەمی 2023) هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگا لە نەینەوا هاوشێوەی 14 پارێزگای دیکەی عێراق بە کەرکووکەوە بەڕێوەبچێت و زیاتر لە 30 لیست و ژمارەیەک کاندیدی سەربەخۆ و کورسی کۆتاکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کێبڕکێی هەڵبژاردن دەکەن، بەشێوەیەک لیستەکان پێکهاتوون لە 10 هاوپەیمانی، 12 حزبی سیاسیی و ژمارەیەک کاندید لە دەرەوەی لیستە بەشداربووەکان.

هەرچەندە شەش ساڵ بەسەر ئازادکردنی موسڵ لە چنگی چەکدارانی داعش تێپەڕیوە، و کەمتر لە مانگێک ماوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی دەستبەسەرداگرتنی چەند ناوچەیەکی پارێزگای نەینەوا لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە، تاوەکو ئێستا بەشێوەیەکی ئاسایی بانگەشەی هەڵبژاردن و پرۆسەی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەچوونی ئەو هەڵبژاردنە وەک پێویست ئەنجامنەدراوە.

پارتی دیموکراتی کوردستان لە نەینەوا

پارتی وەک تاکە لایەنی سەرەکی کوردستانی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لیستی سەربەخۆی هەیە و بە ناو و لۆگۆی خۆی بە لیستی ژمارە (197) بەشداری لە هەڵبژاردن دەکات و 52 کاندیدی هەیە لە زۆربەی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەیی و ناوچەییەکانی پارێزگاکە پێکهاتووە.

وەک بەرپرسان و کاندیدانی پارتی لەو پارێزگایە ئاماژەیان پێکردووە، لە نەینەوا لە بەردەم هەڵبژاردنێکی چارەنووسسازن و بۆ ئاساییکردنەوەی دۆخی ئەو ناوچە کوردستانییانەی لەو پارێزگایە لە دۆخێکی ئیداری و ئەمنی نەخوازراودان، بەهێزەوە چوونەتە کێبڕکێی هەڵبژاردن و هەوڵی بەدەستهێنانی زۆرترین کورسی کورد دەدەن لە ئەنجوومەنی داهاتووی پارێزگای نەینەوا، کە لە هەڵبژاردنەکانی رابردوودا، دەنگی یەکەمی هێزە کوردستانییەکان بووە لەو پارێزگایە.

لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوادا کە ساڵی 2013 بەڕێوەچوو، پارتی توانی نۆ کورسی بەدەستبهێنێت و پۆستەکانی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا و جێگری پارێزگار و چەند پۆستێکی دیکەی لە ئیدارەی پارێزگاکە بەدەستهێنا و ئەمجارەش چاوی لەوەیە، رۆلی زیاتر ببینێت لە بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا و پرۆسەی ئاوەدانکردنەوە و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە.

لایەنە کوردستانییەکان لە هاوپەیمانییە عێراقییەکان

لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوادا، یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە هاوپەیمانی خەڵکی نەینەوا بە ژمارە (134) لەگەڵ ژمارەیەک لە هێز و کەسایەتی عەرەبی و پێکهاتەکانی دیکە چووەتە کێبڕکێی هەڵبژاردنەوە.

لە هەڵبژاردنی رابردووی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا، یەکێتی تەنیا سێ کورسی لە کۆی 37 کورسی ئەنجوومەنەکە بەدەستهێنا و بەهۆی کەمی ژمارەی کورسییەکانیەوە، نەبووە بەشێک لەو هاوپەیمانییەی بۆ بەڕێوەبردنی پارێزگای نەینەوا و دابەشکردنی پۆستە ئیدارییەکان پێکهێندرا.

هاوکات حزبی شیوعی کوردستان لە هاوپەیمانی "قيم المدني" لەگەڵ چەندین لایەنی چەپی دیکەی عێراقی بەشداری هەڵبژاردنی کردووە و حزبی سۆشیال دیموکراتی کوردستانیش بە لیستی ژمارە (202) کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەکات کە سەرۆک لیستەکەیان لە پێکهاتەی عەرەبی پارێزگایەکەیە.

نەینەوا تەنیا گۆڕەپانی سوننەکان نییە

لەگەڵ ئەوەی هاوپەیمانییە سوننەکان کێبڕكێی یەکتر دەکەن لە نەینەوا بەتایبەتی هاوپەیمانی تەقەدووم بە سەرۆکایەتی حەلبووسی، هاوپەیمانی سیادە بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، هاوپەیمانی حەسم بە سەرۆکایەتی سابت عەباسی و هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی موسەننا سامەرائی، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین لیستی دیکەش کێبڕکێی بەدەستهێنانی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەکەن.

لەگەڵ ئەوەی چەند لایەنێکی دیکەی سوننە جیا لەو هاوپەیمانییەتانە بەشداری هەڵبژاردنیان کردووە لەوانەش؛ هاوپەیمانی "صقورنا" بە سەرۆکایەتی مەشعان جبووری و لیستی "تجدید" بە سەرۆکایەتی یوسف سەبعاوی، هاوکات هێزە شعییەکان لە رێگەی چەند لیستێکەوە رکابەری لیستە سوننەکان دەکەن، بەتایبەتی لە دوای ئازادکردنی پارێزگای نەینەوا لە دەستی چەکدارانی داعش، بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو پێکهاتەیە، لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای نەینەوا، بنکە و بارەگاکانیان چۆڵنەکردووە و خاوەن دەسەڵاتن لە بەڕێوەبردنی ناوچەکانی ژێردەستیان، بەتایبەتی لە چەند ناوچەیەکی دەشتی نەینەوا و تەلەعفەر.

یەکێک لەو لیستانەش، هاوپەیمانی حەدبای نیشتمانییە (تحالف الحدباء الوطني) بە سەرۆکایەتی هاشم شاتی لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوادا کێبڕکێی دەکات و پێکهاتووە لە هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نووری مالیکی، هاوپەیمانی "نصحح" بە سەرۆکایەتی هومام حەمودی، رەوتی حیکمە بە سەرۆکایەتی عەمار حەکیم، رێکخراوی بەدر، رەوتی "الصفوة"ـی نزیک لە بزووتنەوەی عەسائیب ئەهل حەق و هاوپەیمانی خەدەمات.

هەروەها هاوپەیمانی عەقدی نیشتمانی (تحالف العقد الوطني) کە بەگوێرەی زانیارییەکان نزیکە لە فالح فەیاز، سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبی و خالید کەبیان سەرۆکایەتی دەکات، هەریەکە لە بزووتنەوەی "عطاء"، حزبی ئیسلامی عێراقی، پارتەکانی "الثبات" و "الحزم الوطني" لەخۆگرتووە و لە پارێزگاکانی نەینەوا و ئەنبار بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان کردووە.

کێبڕکێی لایەنە سوننەکانی عێراق بەگشتی لە شەش پارێزگا کۆبووەتەوە، ئەوانیش پارێزگاکانی بەغدا، ئەنبار، نەینەوا، سەڵاحەددین، دیالە و کەرکووکە. لەگەڵ ئەوەشدا، بەهۆی پەیڕەوکردنی سیستمی (سانت لیگۆ 1.7) کە لە یاسای هەڵبژاردنەکان لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا جێگیرکرا، ئەمەش دەرفەتی سەرکەوتن زیاتر دەداتە هاوپەیمانییە گەورەکان.

موسڵ دەنگ دەدات

لە هەڵبژاردنی 2021ـی پەرلەمانی عێراقدا، بەگوێرەی داتاکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، لە کۆی ملیۆنێک و 838 هەزار و 60 کەس کە مافی دەنگدانیان هەبوو، 894 هەزار و 987 کەس بەشداری پرۆسەی دەنگدانیان کرد، واتە رێژەی بەشداریکردن لەو هەڵبژاردنە گەیشتە (48.68%)، بۆ ئەم هەڵبژاردنەش کە نزیکەی دوو ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە، هەمان رێژەی دەنگدان تۆماربکرێت، بەهۆی ئەوە بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە تاوەکو ئێستا نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان.

پرسی ئاوەدانکردنەوەی شارەکە، گەڕانەوەی ئاوارەکان، کردنەوەی پردەکان و دروستکردنەوە و نۆژەنکردنەوە نەخۆشخانە و پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییەکان، پەیامی سەرەکی هەموو ئەو لیساتەنە کە بەشدارییان لە کێبڕکێی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا کردووە.

ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لە 26 کورسی پێکهاتووە کە حەوت کورسییان کۆتای ئافرەتانە، لەگەڵ بوونی سێ کورسی کۆتا بۆ پێکهاتەکانی ئێزدی، شەبەک و کریستیانەکان کە کۆی گشتی کورسییەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا دەبێتە 29 کورسی.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

رۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پێنج هەزار و 915 کاندید کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن کە چوار هەزار و 258 کاندیدیان لە رەگەزی نێرن و هەزار و 657 کاندیدیش لە رەگەزی مێن و لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە.