سوپای ئیسرائیل فڕۆکەخانەی دیمەشقی بۆردومانکرد

K24 – هەولێر:

جارێکی دیکە سوپای ئیسرائیل بۆردومانی فڕۆکەخانەی دیمەشقی کرد و، کە بووە هۆی وەستاندنی گەشتە ئاسمانییەکانی ئەم فڕۆکەخانەیە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئەمڕۆ یەکشەممە (26ـی تشرینی دووەمی 2023) دوای چەند کاتژمێرێک لە دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی دیمەشق، فڕۆکەخانەکە بەهۆی بۆردومانی سوپای ئیسرائیلەوە جارێکی دیکە گەشتە ئاسمانییەکانی راگرت، روانگە ئەوەشی پشتڕاسکردووەتەوە،  کە تەقینەوەیەکی دیکە لە فڕۆکەخانەی سەربازی مەزە لە دیوەکەی تری پایتەخت بیستراوە.

لە 22ـی تشرینی یەکەمەوە، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل کە رێڕەوی فڕینی سەرەکی فڕۆکەخانەی وڵاتی سووریای کردووەتە ئامانج سەرجەم گەشتە ئاسمانییەکان لە فڕۆکەخانەی وڵاتەکە راگیراون، هەروەها هێرشە هاوکاتەکانی هەمان رۆژ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی حەلەبی لە خزمەتگوزاری وەستاند، ئەمەش وایکرد وەزارەتی گواستنەوەی سوریا هەموو گەشتەکان بۆ فڕۆکەخانەی لازقیە بگوازێتەوە.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە فڕۆکەخانەکە دەستی بە کارەکانی کردەوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەی زیاتر لە مانگێک گەشتەکانی وەستابوو، لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕ و پێکدادانەکان لە ساڵی 2011ەوە، ئیسرائیل سەدان هێرشی ئاسمانی بۆ سەر سووریا دەستپێکردووە و ئامانجەکانی سوپای سووریا و گروپەکانی نزیک لە تارانیان کردووەتە ئامانج، لەنێویاندا حزبوڵڵای لوبنانی.

ئیسرائیل لە بە ئامانجگرتنی خاکی سووریا پەرەی سەندووە لەو کاتەوەی بزووتنەوەی حەماس لە 7ـی ئۆکتۆبەر هێرشێکی کتوپڕی بۆ سەر ئیسرائیل دەستپێکرد، کە دواتر ئیسرائیل بە چڕی کەرتی غەززەی بۆردومانکردەوە، کە بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک ئۆپەراسیۆنی زەمینی لەگەڵدا بوو، پێش ئەوەی بگاتە ئاگربەستێک کە لە رۆژی هەینیەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە کە بارمتەکان ئاڵوگۆڕ دەکرێن.