بنکەیەکی گەورەی تەندروستی لە دینارتە دروستدەکرێت

بنکەی تەندروستی دینارتە
بنکەی تەندروستی دینارتە

K24 - هەولێر:

حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نەبوونی دەرمان و پزیشک، بنکەیەکی نوێی تەندروستی لە جۆری ئەی کە نموونەی گەورەترین بنکەی تەندروستییە، لە ناحیەی دینارتەی سەر بە پارێزگای دهۆک دروستدەکات.

سرور موسڵیح بەرێوەبەری تەندروستی دینارتە بە فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستانی راگەیاند: پرۆژەی دروستکردنی بنکەی تەندروستی ناحیەی دینارتە لە سەرەتای ئەمساڵ کارەکانی دەستیپێکرد و تا ئێستا 40٪ کارەکانی جێبەجێکراون، بەپێی ئەو پلانەی بۆی دارێژراوە، مانگی نیسانی ساڵی داهاتوو پرۆژەکە تەواو دەبێت و دەکەوێتە خزمەتی هاووڵاتییان.

بەرێوەبەری تەندروستی دینارتە ئاماژەی بەوە کردووە، بە تەواوبوونی پرۆژەی بنکەی تەندروستی دینارتە، پێویست ناکات چیدیکە هاووڵاتییان بۆ وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی بچنە نەخۆشخانەکانی دیکەی ناوچەکە.

بەپێی زانیارییەکانی فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بنکە تەندروستییەکەی دینارتە لە چەند بەشێک پێکهاتووە کە گرنگترینیان بەشی لەدایکبوون، ددان، تیشک و سۆنارە.

سەرەڕای قەیرانەکان و سەختی باردۆخی ئابووری و سنووردارکردنی هاوکارییە تەندروستییەکان لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە، دابینکردنی دەرمان و پێداویستییە پزیشکییەکان و بەهێزکردنی ژێرخانی تەندروستی، جێی بایەخ و کاری لەپێشینەی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بووە.

بەپێی داتاکانی وەزارەتی تەندروستی، لەماوەی چوار ساڵی کابینەی نۆیەمدا، 13 نەخۆشخانەی نوێ دروستکراون، بەمەش ژمارەی نەخۆشخانەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتە 45 نەخۆشخانە.

ئا/ کارزان حەیدەر