سبه‌ی شاندێكی عێراق بۆ تاووتوێی پرسه‌ دارایی و بانكییه‌كان سه‌ردانی توركیا ده‌كات

ئاڵای عێراق و تورکیا
ئاڵای عێراق و تورکیا

K24 – هەولێر:

سه‌رچاوه‌یه‌ك له‌ حكومه‌تی عێراق به‌ ئاژانسی فه‌رمی وڵاته‌كه‌ی راگه‌یاندووه‌، سبه‌ی (دووشه‌ممه‌ 27ـی تشرینی دووه‌می 2023)، شاندێكی عێراق بۆ تاووتوێی چه‌ند دۆسییه‌یه‌كی بانكی و دارایی سه‌ردانی توركیا ده‌كات.

سه‌رچاوه‌كه‌ ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، بۆ ته‌واوكردنی دانوستانه‌كانی پێشووتر له‌گه‌ڵ توركیا، تایبه‌ت به‌ ئاڵوگۆڕی بازرگانی‌ له‌گه‌ڵ عێراق به‌ رێگه‌ یاسایی و بانكییه‌ پاڵپشتیكراوه‌كان، شاندێكی عێراق، كه‌ پێكهاتوون له‌ راوێژكاری دارایی محه‌ممه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆكوه‌زیرانی عێراق و سێ به‌رپرسی بانكی ناوه‌ندی عێراق و 12 به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی بانكه‌ عێراقییه‌كان، له‌وێ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك دامه‌زراوه‌یی بانكی و دارایی توركیا ئه‌نجام ده‌ده‌ن، له‌وانه‌ بانكی ناوه‌ندی توركیا، كۆمه‌ڵه‌ی بانكه‌كانی ئه‌و وڵاته‌، هه‌روه‌ها ئاژانسی چاودێری و بانكی توركیا.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی سه‌رچاوه‌كه‌ی حكومه‌تی عێراق، شانده‌كه‌ بۆ واژۆكردنی چه‌ندین رێككه‌وتن له‌ نێوان بانكه‌ توركی و عێراقییه‌كان سه‌ردانی توركیا ده‌كات. 

بەگوێرەی راپۆرتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان عێراق و تورکیا لە ساڵی 2021 بریتی بووە لە 19.5 ملیار دۆلار.

ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، ئاڵوگۆڕی بازرگانیی نێوان تورکیا و عێراق لە ساڵی 2022ـدا 22.3 ملیار دۆلار بووە.