سبەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سێ بابەت دەچێتە بەغدا

سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە 2023/10/17
سەردانی شاندی حکومەتی هەرێم بۆ بەغدا لە 2023/10/17

K24 – بەغدا:

بڕیارە سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا بکات و لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببێتەوە و لەسەر سێ بابەت گفتوگۆ بکەن.

رۆژی یەکشەممە (26ـی تشرینی دووەمی 2023) پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، سبەی شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە پێکهاتووە لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران سەردانی بەغدا دەکەن.

پەیامنێری کوردستان24 ئاماژەی بەوەشکرد، شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبێتەوە و لەبارەی سێ بابەتی تایبەت بە مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان گفتوگۆ دەکەن.

لەبارەی ئەجێندای کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ سوودانی، پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرایکرد، دوای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوایکرد، بڕی 700 ملیارەکەی بەغدا بۆ هەرێمی کوردستانی دەنێرێت بۆ دابینکردنی مووچەی مانگەکانی (10، 11 و 12)ـی ئەمساڵ بەردەوام بێت، سبەی ئەو شاندە دەیەوێت چارەنووسی مووچەی ئەو سێ مانگە لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق یەکلایی بکاتەوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەگەر سبەی شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق بگەنە رێککەوتن، لە چەند رۆژی داهاتوودا، پرسی رەوانەکردنی بڕی 700 ملیار دینار بۆ سێ مانگەکانی کۆتایی ئەمساڵ دەبرێتە کۆبوونەوەی داهاتووی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت.

هەروەها شاندەکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق گفتوگۆ لەبارەی هەموارکردنەوەی یاسای بودجەی گشتی دەکەن بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ئینفاقی فیعلی جیابکرێتەوە، هەرچەندە ئەم بابەتە پێویستی بە رێککەوتنی سیاسیی نێوان لایەنەکان هەیە و بەهۆی پشووی یاسایی پەرلەمانی عێراقیشەوە بۆ ماوەی دوو مانگ، ئەگەر لایەنەکان بگەنە رێککەوتنیش، ئەوا پێویستی بە کۆبوونەوەی نائاسایی هەیە، بە پێچەوانەوە تا کۆتاییهاتنی پشووەکەی پەرلەمان زیاتر دوادەکەوێت.

بابەتی سێیەم کە شاندەکە لە بەغدا گفتوگۆی لەسەر دەکات بریتییە لە دۆسیەی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە، پەیامنێری کوردستان24 باسی لەوەکرد، شاندەکە لەگەڵ سوودانی گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان دەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا، بڕیاروایە هەفتەی داهاتوو، شاندێکی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش سەردانی بەغدا بکەن بۆ درێژەدان بە گفتۆگۆکانیان لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق لەبارەی ئەو پرسە.

حکومەتی فیدراڵی لە رێگەی هەرسێ بانکی رەشید، رافیدەین و تی بی ئای، دوو گوژمەی 700 ملیار دیناری بۆ هەرێمی کوردستان ناردووە و بۆ ئەم مانگەش وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان، چاوەڕێی ناردنی گوژمەی سێیەمی 700 ملیار دینارەکە دەکات تاوەکو دەست بەدابەشکردنی مووچەی مانگی ئەیلوول بکرێت.

رۆژی (24ـی تشرینی دووەمی 2023) ئیخلاس دلێمی، جێگری سەرۆکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەکۆبوونەوەی ئیدارەی دەوڵەت لە دوو هەفتەی رابردوو، لەلایەن نوێنەری پارتی و یەکێتییەوە پێشنیازی ئەوە کراوە، دەبێت یاسای بودجە هەمواربکرێتەوە و رێگەچارەیەکیش بدۆزرێتەوە بۆ ناردنی سێ مووچەی دیكە بۆ هەرێمی کوردستان. بە گوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی تا رادەیەک رەزامەندیان نیشانداوە لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە، بەو مەرجەی دەستکارییەکی زۆری بڕگە و ماددەکانی نەکرێت و ئەو ماددانەی ناکۆکی لەسەر بتواندرێت چارەسەری یاسایی بۆ بدۆزرێتەوە.

لە هەمان رۆژدا، موعین کازمی، ئەندامی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کوردستان24 ئاشکرایکرد، هەمواری یاسای بودجە سەرجەم ماددەکانی یاساکە ناگرێتەوە کە 78 ماددەیە، بەڵکو هەندێک لە ماددەکان دەگرێتەوە و دەتواندرێت گۆڕانکاری تێدابکرێت، بەڵام ئەگەر رێککەوتنێکی سیاسی لە نێوان لایەنە سیاسییەکان بکرێت ئەوا بەگوێرەی پێویستی دەتواندرێت هەمواری یاسای بودجە بکرێت.

رۆژی (22ـی تشرینی دووەمی 2023) فارس عیسا، سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا، تایبه‌ت به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 10ـمان راده‌ستی نووسینگه‌ی سه‌رۆكوه‌زیران، وه‌زاره‌تی دارایی فیدراڵی و چاودێری دارایی عێراقمان كردووه‌ و "وه‌كو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ستمان به‌ رێكاره‌ ئیدارییه‌كانی ناردنی گوژمەی سێیه‌می 700 ملیار دیناره‌كه‌ی مووچه‌ی مووچەخۆرانی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌، هه‌فته‌ی داهاتوو پاره‌كه‌ ده‌خرێته‌ سه‌ر هه‌ژماری تایبه‌تی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان".

پێشتریش پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاندبوو، وابڕیارە دوای سەری ساڵ، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی پاکتاوی دارایی سەردانی بەغدا بکات، بۆ ئەوەی لەسەر ئەو بنەمایە تەواوی پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەدا رەوانە بکرێت، لەبەر ئەوەی ئەو بڕە پارەیەی لەم چەند مانگە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان نێردراوە تەنیا وەکو قەرز بووە و تائێستا پشکی هەرێم رەوانە نەکراوە.

هەر لەم مانگەدا، شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، نزیکەی 120 واژۆیان کۆکردووەتەوە بۆ ئەوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە (ئینفاقی فیعلی) جیابکرێتەوە، هاوشێوەی پارێزگاکانی دیکەی عێراق، ئەوە دەکەنە پڕۆژەیەک بە مەبەستی ئەوەی لە پەرلەمان هەمواربکرێتەوە.

هەرچەندە شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان لە یاسای بودجەی فیدراڵی دیاریکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا حکومەتی فیدراڵی سەرەڕای ئەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی خۆی وەک لە یاساکەدا هاتووە، جێبەجێکردووە، پشکی هەرێمی کوردستانی رەوانە نەکردووە.

دوای ئەوەی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە رۆژی (3ـی ئەیوولی 2023) بڕیاردرا بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم) بڕی 500 ملیار دینار بە شێوەی قه‌رز بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت تا یەکلایی کردنەوەی کێشە تەکنیکییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لە بارەی جێبەجێکردنی یاسای بودجە.

ئەو بڕیارە وایکرد، شاندێکی باڵای حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە رۆژی (14ـی ئەیلوولی 2023) سەردانی بەغدای کرد و لە 12 کۆبوونەوەی جیادا، لەگەڵ سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق و سەرکردەی لایەنە سیاسییە سەرەکییەکانی عێراق و فراکسیۆنە کوردستانییەکان جەختی لە ناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کردەوە و دوو پێشنیازی کورتخایەن و درێژخایەنی خستەڕوو.

دواجار رۆژی یەکشەممە (17ـی ئەیلوولی 2023)، لە کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیاردا بە هەموارکردنەوەی بڕیاری پێشوویان و رەزامەندیدان لەسەر ناردنی 700 ملیار دینار بەشێوەی قەرزی مانگانە بۆ مانگەکانی (ئەیلوول، تشرینی یەکەم و تشرینی دووەم)ـی ئەمساڵ.