فوئاد حوسێن و رۆمانۆوسكی ئاگربه‌ستی غه‌ززه‌یان تاووتوێكرد

K24 – هەولێر:

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، له‌گه‌ڵ یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق تاووتوێی جه‌نگی غه‌ززه‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا و واشنتنمان كرد.

له‌ تۆڕی كۆمه‌ڵایه‌تی ئێكس، ئه‌لینا رۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له‌عێراق نووسیوویه‌تی: "له‌گه‌ڵ دكتۆر فوئاد حوسێن یاریده‌ده‌ری سه‌رۆكوه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، تاووتوێی ئاگربه‌ست و وه‌ستانی شه‌ڕمان له‌ غه‌ززه‌ كرد.

رۆمانۆوسكی هه‌روه‌ها نووسیوویه‌تی: "عێراق و ئه‌مه‌ریكا رۆڵێكی كاریگه‌ر له‌ سه‌قامگیری ناوچه‌كه‌ و پێشكه‌شكردنی یارمه‌تی مرۆیی ده‌گێڕن".

پێشتر وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریكا (پنتاگۆن) ئاشكرایكردبوو، لەیەك مانگدا هێزەكانیان لە عێراق و سووریا لانیكەم 70 هێرشیان كراوەتەسەر، كه‌ به‌هۆی پشتگیری ئه‌مه‌ریكا بۆ ئیسرائیل له‌ جه‌نگی غه‌ززه‌، به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌ی عێراق ده‌ستیكردووه‌ به‌هێرشكردن بۆسه‌ر بنكه‌ سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له‌ عێراق و سووریا.

رۆژی 24/11/2023، ئاگربەستی نێوان حەماس و ئیسرائیل چووە بواری جێبەجێکردنەوە،و 26 بارمتەی ئیسرائیلی و 78 هاووڵاتی فەڵەستینی ئازاد کران.

لە 22/11/2023، وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، بە هاوبەشی لەگەڵ میسر و ئەمەریکا سەرکەوتوو بوون لە رێککەوتن بۆ ئاگربەستی مرۆیی لە کەرتی غەززە، دوای 48 کاتژمێر بە ئاڵۆگۆڕی بارمتە ئیسرائیلییەکان و هاووڵاتییانی فەڵەستینی ئاگربەستەکە بە کردەیی چووە بواری جێبەجێکردنەوە.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە 1400 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر له‌ هه‌زاریشیان بریندارن، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن ئەو حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون.

هەروەها بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیلیش 14 هەزار و 854 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون، کە لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.