لە چوارچێوەی بەڵێنەکانی کابینەی نۆیەم بۆ کفری چەندین داواکاری دیکەی شارەکە جێبەجێدەکرێن

شاری کفری
شاری کفری

K24 - سلێمانی:

لە چوارچێوەی بەڵێنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ جێبەجێکردنی داواکاریەکانی دانیشتوانی قەزای کفری، وەزیری دارایی و ئابووری بڕی 64 ملیۆن دیناری بۆ سێکتەرەکانی تەندروستی. کاروباری کۆمەڵایەتی و وەرزشی بۆ شاری کفری خەرج کرد.

مانگی تەمووزی رابردوو، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی شاری کفری کرد و رایگەیاند، لە چوارچێوەی پلانەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ خەڵکی شاری کفری، داواکارییەکانی هاووڵاتییانی شارەکە جێبەجێ دەکەین.

هاوکات لە ماوەی چوار مانگی رابردوودا چەندین داواکاری خەڵکی قەزای کفری جێبەجێ کران، لەوانە؛ زیادکردنی پێشینەی شارەوانی کفری، زیادکردنی پێشینەی مانگانەی پەروەردەی کفری، تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ نۆژەنکردنەوەی مۆزەخانەی کفری لەگەڵ چەندین پرۆژەی دیکە.

ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی لە (18ـی تەمموزی 2023) چەند بڕیارێکی لە بەرژەوەندی خەڵکی کفری دەرکرد، کە یەکێکیان بریتی بوو لە راسپاردنی سەرجەم وەزارەت و دامودەزگا پەیوەندیدارەکان بۆ جێبەجێکردنی داواکارییە کارگێڕییەکان و راییکردنی کارەکانی خەڵکی کفری.

هەر بەگوێرەی بڕیارەکانی سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، 300 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی 16 قوتابخانەی کفری دابینکرا، لەگەڵ دابینکردنی سێ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتنی تەندروستی، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی کەمئاوییش لە کفری، بڕیاریدا بە خەرجکردنی پارەی پێویست بۆ لێدانی پێنج بیری ئاو کە تێچووەکەی دەکاتە بڕی 80 ملیۆن دینار بۆ هەر بیرێک لەگەڵ تەرخانکردنی 296 ملیۆن دینار بۆ نۆژەنکردنەوەی یاریگایەکی وەرزشی لەگەڵ پێداویستی و کەلوپەلی وەرزشی بۆ 24 تیپی وەرزشی کفری و دروستکردنی چەند کارگەیەک.

هاوکات رۆژی (17ـی تەمموزی 2023) سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، یەکەم داواکاری خەڵکی کفری جێبەجێکرد کە ‎ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتیی شارەوانی کفری بوو، بۆ ئەو مەبەستەش، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دوای بەرزکردنەوەی داواکارییەکەیان لەلایەن وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، بەپێی ماددەی دەیەم لە یاسای بەڕێوەبردنی شارەوانییەکان ژمارە 6 ساڵی 1993، رەزامەندییان نیشاندا بۆ بەرزکردنەوەی پلەی سەرۆکایەتی شارەوانی کفری لە پلە دوو بۆ پلە یەک بۆ زیاتر خزمەتکردنی خەڵکی شارەکە.