ئافرەتانی سوید لە زیادبوونی رێژەی توندوتیژی لە وڵاتەکەیان نیگەرانن

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

سەرۆکی ژنانی سۆسیال دیموکرات لە ستۆکهۆڵم رایگەیاند: توندوتیژی بەرامبەر ژنان تەنیا لە وڵاتی سوید نییە، کێشەیەکی سەرتاسەری جیهانی و کۆمەڵایەتییە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی توندوتیژی، پێویستە هەموو کۆمەڵگە بەیەکەوە هاوکاری بنبڕکردنی توندوتیژی بن.

تارا توانا، سەرۆکی ژنانی سۆسیال دیموکرات لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید، بە کوردستان24ی گوت: "توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان تەنیا لە وڵاتی سوید نییە، کێشەیەکی سەرتاسەری جیهانی و کۆمەڵایەتییە، بۆ چارەسەرکردنی کێشەی توندوتیژی بەرامبەر ژنان، پێویستە هەموو کۆمەڵگە بەیەکەوە هاوکار بن بۆ بنبڕکردنی توندوتیژی".

لە چوارچێوەی هەڵمەتی 16 رۆژە بۆ نەهێشتنی توندوتیژی دژی ئافرەتان، لە سوید چەندین چالاکی جۆراوجۆر بەڕێوەدەچن، کە مەبەستیان هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و زانیاری پێدانی زیاترە بە ئافرەتان.

ماریا رەشید، سەرۆکی رێکخراوی مافی ئافرەتان لە سوید، دەڵێت: "من دەنگێکم لە هەر شوێنێک بم دەنگی ئافرەتانی وڵاتەکەم و ئافرەتانی ناوچەکەمم، رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تەنانەت وڵاتی سویدم، پەیامم بۆ ئەو ئافرەتانەی بوونەتە قوربانی توندوتیژی ئەوەیە: دامەنیشن، تێبکۆشن و مەوەستن، چونکە ئەگەر بوەستن ئەمڕۆ زلەیەکە، بەیانی بۆکسێکە، دووسبەی مردنە".

عەلی فەتعی نووسەر، لە ستۆکهۆڵم بەشداری لە سیمینارێکی تایبەت بە هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی ژنان کردووە، ئەو دەڵێ: "توندوتیژی مانای ئەوە نییە کە لێدان و کوشتن بێت، بابەتی مافی یەکسانی لە وڵاتی سوید کە باسی لێوەدەکرێت، بەو شێوە نییە کە 100% بێت مافی پیاوێک زۆرترە لە هی ئافرەتێک ئەوە خۆی لەخۆیدا فاکتەرێکە بۆچی هەبێت؟".

لەگەڵ ئەوەی سوید بە یەکێک لە وڵاتانی داکۆکیکار لە مافی ئافرەتان و منداڵان دادەنرێت، بەڵام زیاتر لە 300 رێکخراو و سەنتەری داڵدەدانی ئافرەتان لەو وڵاتە هەن، بە پێی داتاکان  ساڵانە  نزیکەی 30 هەزار ژن و کچ داوا لەو سەنتەرانە تۆمار دەکەن، لەو ژمارەیە 15 هەزاریان لەلایەن هاوسەر، دەسگیران، باوک و برا توندتیژیان بەرامبەر کراوە، هەر بەپێی ئامارەکان ساڵانە نزیکەی 17 ژن لە سوید لایەن هاوسەرەکانیان دەکوژرێن.

کەمپینی نێودەوڵەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان لە چەندین وڵاتی جیهان دەستپێدەکات، کە تێیدا لە رێگەی چەندین چالاکی جۆراوجۆرەوە داوای نەهێشتینی توندوتیژی ئافرەتان و کچان دەکرێت.

کەمپینەکە، کە بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە بەردەوام دەبێت، رۆژی جیهانی نەهێشتنی توندوتیژی دژ بە ئافرەتان، لە رۆژی 10ی کانوونی یەکەم کۆتایی پێدێت کە دەکاتە رۆژی جیهانی مافی مرۆڤ.

لە هەرێمی کوردستانیش چالاکیەکانی ساڵانە دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و سەنتەر و رێکخراوەکانی ئافرەتان بە چەندین چالاکی بەشداری لە هەڵمەتی 16 رۆژەی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ئافرەتان دەکەن.

بۆ یەکەمین جار لە ساڵی 1991، کۆمەڵێک چالاکوانی بوارەکانی مافی ئافرەتان بە بۆنەی کردنەوەی پەیمانگای جیهانی سەرکردایەتی ئافرەت کەمپینەکەیان راگەیاند.

رەنگی پرتەقاڵی وەک رەنگی فەرمی کەمپینەکە ساڵانە بەکاردێت کە ئەمەش وەک هێمایەکە بۆ داهاتوویەکی بەدەر لە توندوتیژی دژ بە ئافرەتان و کچان.

دیاریکردنی 16 رۆژ بۆ ئەنجامدانی چالاکییەکان بۆ ژمارەی ئەو رۆژانە دەگەڕێتەوە کە دەکەونە نێوان هەردوو بەرواری 25ی تشرینی دووەم و 10ی کانوونی یەکەمە.