لە کۆتا رۆژی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماسدا ئەگەری درێژکردنەوە هەیە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ دووشەممە، ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کەوتە ناو رۆژی چوارەمەوە، کە کۆتا رۆژی ئاگربەسەتەکەیە، بەهۆیەوە دەیان بارمتە و دیل ئازاد کران و ژمارەیەکی زۆری بارهەڵگری هاوکارییە مرۆییەکانیش رەوانەی کەرتی غەززە کران.

بزووتنەوەی حەماس شەوی یەکشەممە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاندووە، هەوڵدەدات دوای کۆتاییهاتنی ماوەی چوار رۆژەکە، ئاگربەستەکە درێژبکاتەوە بە ئامانجی زیاتر ئازادکردنی ژمارەی دەستگیرکراوەکان، وەک لە رێککەوتنی ئاگربەستەکەدا هاتووە.

سەرچاوەیەکی نزیک لە بزووتنەوەی حەماس بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، بزووتنەوەکە "نێوەندگیریەکانی ئاگادارکردووەتەوە کە کوتلەکانی مقاوەمە رێککەوتوون لەسەر درێژکردنەوەی ئاگربەست بۆ ماوەی دوو تاوەکو چوار رۆژی دیکە".

رێککەوتنەکە لە رێگەی نێوەندگیری قەتەرەوە، بە بەشداریی ئەمەریکا و میسر، رۆژی هەینی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەو رێککەوتنەدا بڕیاری ئاگربەستی چوار رۆژە راگەیەندرا، کە لەو ماوەیەدا پەنجا بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن، لە بەرامبەر ئازادکردنی 150 زیندانی فەڵەستینی لەگەڵ هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.

لە رۆژی هەینیەوە تا ئێستا 39 بارمتە بەپێی رێککەوتنەکە ئازاد کراون، جگە لە 24 بارمتە لە دەرەوەی رێککەوتنەکە کە زۆربەیان تایلەندین، کە لە ئیسرائیل کار دەکەن، هەروەها 117 زیندانی فەڵەستینیش ئازاد کراون کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکرابوون.

دەکرێت ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە بەو مەرجەی کە بزووتنەوەی حەماس رۆژانە 10 بارمتەی زیادە ئازاد بکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی فەڵەستینی زیاتر لە زیندانەکانی ئیسرائیل.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، بنیامین ناتانیاهۆ رایگەیاند، رێکخستن هەیە بۆ ئەوەی رۆژانە 10 بارمتە ئازادبکرێن، من بە سەرۆکیشم گوتووە، دوای رێککەوتنەکە دەگەڕێینەوە سەر ئامانجەکەمان کە بریتییە لە نەهێشتنی حەماس.

بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە، ناتانیاهۆ داوای بودجەی "جەنگ" لە حکومەت بکات، بە بەهای 30 ملیار شیکل (7.3 ملیار یۆرۆ).

بەپێی ئامارەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە رۆژی هەینیەوە 248 بارهەڵگری هاوکاریی مرۆیی توانیوویانە بچنە ناو کەرتی غەززەوە.

عەدنان ئەبو حەسنە، گوتەبێژی "ئۆنروا" بە ئاژانسی فرانس پرێسی راگەیاند، "دەبێت بۆ ماوەی دوو مانگ رۆژانە 200 بارهەڵگر بنێرین بۆ دابینکردنی پێداویستییەکان"، ئاماژەی بەوەشکرد، "لە هەندێک ناوچە ئاوی خواردنەوە و خواردن نییە".

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، زیاتر لە نیوەی پشکی خانووبەرەی کەرتی غەززە بەهۆی شەڕەوە زیانیان بەرکەوتووە یان وێران بووە، لەکاتێکدا لە کۆی دانیشتووانی دوو ملیۆن و 400 هەزار کەس، یەک ملیۆن و 700 هەزار کەس ئاوارەبوون.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر له‌ هه‌زاریشیان بریندارن، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون.

هەروەها بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیلیش 14 هەزار و 854 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون، کە لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.