وەزیری پێشمەرگە گەڕایەوە سەر ئەرکەکەی

وەزیری پێشمەرگە گەڕایەوە سەر ئەرکەکەی
وەزیری پێشمەرگە گەڕایەوە سەر ئەرکەکەی

K24 - هەولێر

بە ئامادەبوونی جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان؛ وەزیری پێشمەرگە گەڕایەوە سەر کارەکەی لە وەزارەتی پێشمەرگە.

شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوای زیاتر لە ساڵێک دوورکەوتنەوە؛ بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 27-11-2023، لە رێوڕەسمێکدا گەڕایەوە سەر کارەکەی لە وەزارەتی پێشمەرگە.

قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان یاوەریی شۆڕش ئیسماعیلی کرد کاتێک گەڕایەوە وەزارەتی پێشمەرگە. هەر یەکە لە لیوا روکن عیسا عوزێر، سوپاسالاری وەزارەتی پێشمەرگە و ژمارەیەک لە بەرپرسە سەربازییەکانی دیکەی وەزارەتەکە، ئامادەیی رێوڕەسمی دەستبەکاربوونەوەی وەزیری پێشمەرگە بوون.

لە ناوەڕاستی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی رابردوو، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە کە لە پشکی یەکێتییە، بەهۆی بوونی کێشەی ناوخۆیی لەنێو حزبەکەی وازی لە کارەکەی هێنا. ناوبراو بەفەرمی دەستلەکارکێشانەوەی خۆی پێشکەشی لایەنە پەیوەندیدارەکان کردبوو، بەڵام دەستلەکارکێشانەوەکەی قبووڵ نەکرا.

چەندین جار هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش و بەرپرسە سەربازییەکانی ئەمەریکا داوایان کردبوو وەزیری پێشمەرگە بگەڕێتەوە سەرکارەکەی بۆ ئەوەی پڕۆسەی یەکخستنی هێزەکانی پێشمەرگە خێراتر بکرێت.

پێشتر وەزیری پێشمەرگە رایگەیاندبوو، هەندێک کەس "دەستوەردان لە کارەکانیدا" دەکەن و "لەمپەر بۆ چاکسازییەکانی نێو وەزارەتی پێشمەرگە دروستدەکەن."  وەکو خۆی گوتبووی، "دەمەوێت هێزەکانی 70 و 80ـی پێشمەرگەی کوردستان بە تەواوی یەکبگرنەوە و بچنە سەر وەزارەتی پێشمەرگە و دەستی حیزبی نەمێنێت".