ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی: وشکەساڵی لە نەینەوا هۆکارێکە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

بەرپرسێکی ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی رایدەگەیەنێت: کەمبوونەوەی ئاوی خواردنەوە و بەرووبوومی کشتوكاڵی، وشکەساڵی لە عێراق و پارێزگای نەینەوا هۆکارێکە بۆ کێشەی کۆمەڵایەتی.

لەمیانی بەشداریکردنی لە بەرنامەی بەیانی24، عەبدوڵڵا یاسین، راوێژکاری سیاسی و داکۆکیکردن لە ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی، تیشکی خستە دوایین راپۆرتی رێکخراوەکەی کە رۆژی یەکشەممە بڵاوکراوەتەوە، بە ناونیشانی "کەموکوڕی و نادادپەروەری: کەم ئاوی و ئاوارەبوون لە عێراق" کە ئاماژە بە مەترسییەکانی وشکەساڵی دەکات.

ئەو بەرپرسەی رێکخراوەکە رایگەیاند: "لە ناوچەی بەعاج لە پارێزگای نەینەوا، کاریگەرییەکانی وشکەساڵی بووەتە هۆی سەرهەڵدانی کێشەی کۆمەڵایەتی، بەجۆرێک لە هەر پێنج کەسێک یەکێکیان دووچاری کێشەی کۆمەڵایەتی بووەتەوە بەهۆی کاریگەرییە نەرێنیەکانی کەشو هەوا".

بەپێی ئەنجومەنی پەنابەرانی نەرویجی، لە هەر چوار کەسێک یەکێکیان دەخوازێت ناوچەکەی بەجێبێڵێت، بەهۆی وشکەساڵییەوە.

راپۆرتەکە لە 16 لاپەڕە پێکهاتووە، بەشێکە لە راپۆرتی ساڵانەی رێکخراوەکە، بۆ تیشک خستنە سەر کاریگەرییەکانی کەشوهەوا لەسەر پەنابەران و پرسی کۆچ و ئاوارەبوون.

رێکخراوەکە چاوپێکەوتنی لەگەڵ هەزار و 79 کردووە، کە لە سەدا 40یان ئافرەتن و لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین، نەینەوا، کەرکووک و ئەنبار نیشتەجێن، بە تایبەتی لە ناوچە گوندنشینەکاندا، راپۆرتەکە لە مانگی تەممووز و ئابی ئەمساڵدا ئامادەکراوە.

یەکێکی دیکە لە کاریگەریەکانی وشکەساڵی لەسەر جووتیارانی عێراق، بریتیە لە کەمکردنەوەی رێژەی زەوی تەرخانکراو بۆ کشتوکاڵکردن و بەکارهێنانی ئاوی کەمتر ئەمەش کاریگەری راستەوخۆی کردووەتەوە سەر رێژەی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.

بەگوێرەی داتاکانی راپۆرتەکە، لە سەدا60ی جووتیاران ناچاربوون رێژەی داچاندن کەمبکەنەوە، یان رێژەی ئاودان کەمبکەنەوە بەهۆی وشکەساڵی توندەوە لەمساڵدا.