لە حەفتەغار ئاڵۆزی لەنێوان جوتیارانی کورد و عەرەبی هاوردە دروستبوو

ئەرشیف
ئەرشیف

K24 – کەرکووک

لە ناوچەی حەفتەغاری سنووری قەزای داقووق، لەسەر کێشەی زەویی و زار ئاڵۆزیی لەنێوان جووتیارانی کورد و عەرەب دروستبوو، هێزەکانی عێراقیش ژمارەیەک جووتیاری کوردیان دەستگیرکرد.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، سەر لەبەیانی ئەمڕۆ   دووشەممە 27/11/2023، ژمارەیەک عەرەبی هاوردە لە ئاوایی مەنسوور لە ناوچەی حەفتەغار ویستوویانە پارچەیەک زەوی جووتیارانی کورد داگیربکەن، دوای رێگریکردن لەلایەن جووتیارانی کوردەوە ئاڵۆزیی دروستبووە، سوپای عێراق بە مەبەستی تەشەنە نەکردنی ئاڵۆزییەکە نێوەندگیری جووتیارانی کردووە، بەڵام دواتر ژمارەیەک جووتیاری کوردی دەستگیرکردووە.

جووتیارێکی گوندی مەنسوور بە کوردستان24ی راگەیاند، زەوییەکە لە بنەڕەتەوە هی جووتیارانی کوردە، بەڵام لە سەردەمی رژێمی بەعس بە گرێبەست دراوەتە عەرەبی هاوردە و ئێستا داوای دەکەنەوە، دوای ئاڵۆزییەکەی ئەمڕۆش سوپای عێراق بەبیانووی هەڕەشەکردن و تەقەکردن لە جووتیارانی عەرەب، چەند جووتیارێکی کوردیان دەستگیرکردووە.