شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان دوو پێشنیاز لەبارەی مووچە و نەوت ئاراستەی سوودانی دەکات

K24 – بەغدا

ئەمڕۆ شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆدەبنەوە و دوو پێشنیاز لەبارەی مووچە و هەناردەکردنەوەی نەوت ئاراستەی سوودانی دەکەن.

دیلان بەرزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، بڕیارە دوای نیوەڕۆ شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی عێراق کۆببنەوە و دوو پێشنیاز لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان و هەناردەکردنەوەی نەوتی کوردستان ئاراستەی سوودانی دەکەن.

گوتیشی: "یەکێک لە پێشنیازەکان لەبارەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان ئەوەیە، تاکو یاسای بودجەی عێراق هەموار دەکرێتەوە، حکومەتی عێراق پارە بۆ دابینکردنی مووچەی سێ مانگی دیکەی ئەمساڵی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بنێرێت، بە هەمان رێکار کە پارەکە وەک قەرز بۆ مانگەکانی مووچەی مانگەکانی تەممووز، ئاب و ئەیلوولی ئەمساڵ نێردراوە، واتا بۆ سێ مانگی دیکە 700 حکومەتی عێراق 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان بنێرێت".

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێرمان: "پێشنیازێکی دیکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەبارەی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە، کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی دیکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ ئەم مەبەستە سەردانی بەغدا بکەن و لەسەر ئەم پرسە لەگەڵ بەرپرسانی حکومەتی فیدراڵ کۆببنەوە، ئەمەش دوای ئەوەی کە لە ماوەی رابردوودا شاندێکی وەزارەتی نەوتی عێراق لەسەر ئەم پرسە سەردانی هەولێریان کرد".

سەر لە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 27/11/2023، شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان  بە سەرپەرشتی بە ئاوات جەناب نووری وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان و د. ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران، د. ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران و د. عەبدولحەکیم خەسرۆ سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و خالید هادی چاوشلی راوێژکار لە ئەنجومەنی وەزیران گەیشتە شاری بەغدا.