لە هەولێر نزیکەی 156 تۆن بنەتۆ بەسەر جووتیاران دابەش دەکرێت

K24 – هەولێر

بە مەبەستی جێگیرکردنی نرخی بنەتۆ و هاوکاریکردنی جووتیاران، بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی هەولێر نزیکەی 156 تۆن بنەتۆی گەنم بۆ جووتیاران دابین دەکات.

ئەمڕۆ دووشەممە، 27ی تشرینی دووەمی 2023، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی گوت: "ئێمە لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ تاکە بەڕێوەبەرایەتی گشتین کە بتوانین بنەتۆ بۆ جوتیاران دابین بکەین، ئەمساڵ نزیکەی 156 بنەتۆنمان بۆ جووتیاران دابینکردووە، هەوەها ساڵی بنەتۆکەیان لێ دەکڕینەوە، بە ئامانجی پەرەپێدانی بنەتۆ لە سنووری پارێزگای هەولێر".

گوتیشی: "ئێمە ساڵانە بڕێکی زۆر بنەتۆ لە جووتیاران دەکڕین، لە وەرزی تۆچاندنیش وەک هاندانێک بۆ هەر تۆنێک بە بڕی 666 هەزار دینار پێیان دەفرۆشین، خۆمان تۆنی بە 800 هەزار دینار لەسەرمانە".

هێمن سەید موراد، ئاماژەی بەوەشدا: "بەڕێوەبەرایەتی بنەتۆی هەولێر کە سەر بە بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، سەر توانیویانە ئەو رێژەیە بنەتۆیە دابین بکەن کە پێویستە بۆ جووتیاران، ئەمڕۆش بەپێی لیستی ناوی جووتیارەکان، بنەتۆیان بەسەر دابەش دەکەین، لە ساڵی داهاتووشدا کە بەرهەمەکان پێڕا دەگەن ئێمە لێیان دەکڕینەوە".

راشیگەیاند: "ئێمە بەو نرخە دەیدەن بە جووتیارەکان راستەوخۆ کاریگەری لەسەر نرخی بنەتۆ دەبێت و نرخەکەی لە بازاڕەکان دادەبەزێت، ئەمەش کارێکی زۆر باشە بۆ پشگیری جووتیاران و جێگیرکردنی نرخی بنەتۆ، هەرچەندە بنەتۆکان بەشی هەموو جووتیارەکان ناکات و رێژەکەش کەمە، بەڵام ئەوەی هەمانە دابەشی دەکەین".

ئەوەشی خستەڕوو، پێش دابەشکردنی بنەتۆ، دەرمان کراوە و خراوەتە ناو جیسەکان.

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی دەستبەکاربوونی، بایەخێکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، وەک بە شێک لەپێشخستنی ئابووری و لە پێناو  پاراستن و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ، پشتگیری جووتیارانی هەرێمی كوردستانی کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا لەم دوو ساڵەی دواییدا بەشێک لە بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتان دەکرێت.