بۆ یەکەمجار لە هەولێر بەشێوەیەکی زانستی توور بەرهەم دەهێندرێت

توور
توور

K24 – هەولێر

بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر رایگەیاند، بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان بەشێوەکی زانستی توور لەلایەن جووتیاران بەرهەم دەهێندرێت.

ئەمڕۆ دووشەممە 27ی تشرینی دووەمی 2023، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری کشتوکاڵی هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند: "بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستان بە هاوکاری رێکخراوی "WHH" بەریتانی، توانیمان بەشێوەکی زانستی توور بەرهەم بهێنین".

گوتیشی: "سەرەتا وەکو تاقیکردنەوە خولێکی سێ مانگیمان بۆ جووتیارە نموونەییەکانی شاری هەولێر کردەوە، بە بەشداری 10 جووتیار، بە سەرپەرشتیاری کەسانی شارەزای بەڕێوەبەرایەتییەکەمان، لەگەڵ ئەو رێکخراوە، وەک نموونە ئەنجاممانداوە، کە تایبەتە بە وشکە ساڵی، بۆ ئەوەی جووتیاران رابهێنرێن چۆن بنەتۆی خۆیان دەگونجێنن لەگەڵ کەمی باران و گۆڕانی کەشو هەوا، خولەکە تا ئێستا بەردەوامە".

هێمن سەید موراد، ئاماژەی بەوەشدا: "تاقیکردنەوەکە لە شەمامک و قووشتەپە، لە چوار خانووی پلاستیک ئەنجامدرا، دوویان لە قووشتەپە و دووانەکەی دیکە لە شەمامک، لەگەڵ چوار بەرهەمهێنانی وزەی خۆر، کە بە تیروپشک دراوەتە جووتیارە نموونەییەکان کە وەک هاندانێک و پاڵپشتییەک بۆ بەردەوامبوونیان لە بەرهەمهێنانی بەربوومەکەیان و کارەکەیان، توانیشمان لەگەڵ جووتیارەکان و رێکخراوەکە، توور بەشێوەیەکی زانستی بەرهەم بهێنین".

کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، لە ماوەی دەستبەکاربوونی، بایەخێکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ داوە، وەک بە شێک لە پێشخستنی ئابووری و لە پێناو  پاراستن و زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ، پشتگیری جووتیارانی هەرێمی كوردستانی کردووە، لەو چوارچێوەیەشدا لەم دوو ساڵەی دواییدا بەشێک لە بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەناردەی وڵاتان دەکرێت.

ئا: لاڤین عومەر