وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا : دەمانەوێت رێژەی کورتهێنان کەمبکەینەوە

محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا
محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا

 

K24 – هەولێر:

محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا رایگەیاند، دەیانەوێت رێژەی کورتهێنان لە وڵاتەکە کەمبکەنەوە.

محەممەد شیمشەک، وەزیری گەنجینە و دارایی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس رایگەیاند، ئامانجی سەرەکییان لە تورکیا کەمکردنەوەی رێژەی کورتهێنانە بەشێوەیەکی سەقامگیر و بەردەوام.

شیمشەک دوای راگەیاندنی فەندێکی تایبەت بە وەبەرهێنان لەلایەن بانکی ناوەندی کە ساڵانە 100 ملیار لیرە تەرخان دەکرێت، گوتی: "بانکی ناوەندی پرۆگرامێکی زۆر گرنگی راگەیاندووە و لەرێگەی ئەم فەندەوە دەتوانن وەبەرهێنان لە بەرهەمەکانی تیکنەلۆژیادا بکەن".

لێدوانەکانی شیمشەک لەکاتێکدایە، رۆژی پێنجشەممە بانکی ناوەندی تورکیا لەپێناو گەڕاندنەوەی بەها و کەمکردنەوەی رێژەی هەڵاوسان رێژەی سووی بۆ 40% بەرزکردبووەوە.

رێژەی هەڵاوسان لە تورکیا و بەرزبوونەوەی نرخی خواردەمەنی و کەلوپەلەکان و دابەزینی بەهای لیرە، دۆخی ‌هاووڵاتییانی زەحمەتکردووە بەشێوەیەک لە دوو ساڵی رابردوودا، لیرەی تورکی دوو هێندەی خۆی زیاتر بەهاکەی لەدەستداوە.

پێشتر رەجەب تەیب ئەردۆغان لە مانگی ئابی ئەمساڵ لە چوارچێوەی کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی وەزیرانی تورکیا رایگەیاندبوو، بەرزبوونەوەی رێژەی هەڵاوسان لە وڵاتەکەی کاتییەوە و حکومەت تاوتوێی هەنگاوەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی بەرزی تێچووی گوزەران دەکات.