قەتەر: دوو رۆژی دیکە ئاگربەست لە غەززە درێژکرایەوە

ئاڵاکانی فەڵەستین، قەتەر و ئیسرائیل.
ئاڵاکانی فەڵەستین، قەتەر و ئیسرائیل.

K24 – هەولێر:

ئەمڕۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کەوتە ناو رۆژی چوارەمەوە، کە کۆتا رۆژی ئاگربەستەکەبوو، بەڵام بە نێوەندگیری قەتەر دوو رۆژی دیکە ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە درێژکرایەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (27ـی تشرینی دووەمی 2023) بە نێوەندگیری قەتەر ئاگربەستی مرۆیی لە غەززە بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە درێژکرایەوە، هەروەها بزووتنەوەی حەماس درێژکردنەوەی ئاگربەستەکە پشتڕاست دەکاتەوە.

مەجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر، لە تۆڕی کۆمەڵایتی ئێکس لە پۆستێکدا ئاماژەی بەوەکردبوو، دەوڵەتی قەتەر لە چوارچێوەی ئەو نێوەندگیرییە بەردەوامەدا، رێککەوتنێکی کردووە لەگەڵ ئیسرائیل و حەماس بۆ درێژکردنەوەی ئاگربەستی مرۆیی بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە لە کەرتی غەززە.

ئەمەش لە کاتێکدایە کە ئەمڕۆ ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس کەوتە ناو رۆژی چوارەمەوە، کە کۆتا رۆژی ئاگربەسەتەکەیە، بەهۆیەوە دەیان بارمتە و دیل ئازاد کران و ژمارەیەکی زۆری بارهەڵگری هاوکارییە مرۆییەکانیش رەوانەی کەرتی غەززە کران.

بزووتنەوەی حەماس شەوی یەکشەممە لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاندووە، هەوڵدەدات دوای کۆتاییهاتنی ماوەی چوار رۆژەکە، ئاگربەستەکە درێژبکاتەوە بە ئامانجی زیاتر ئازادکردنی ژمارەی دەستگیرکراوەکان، وەک لە رێککەوتنی ئاگربەستەکەدا هاتووە.

رێککەوتنەکە لە رێگەی نێوەندگیری قەتەرەوە، بە بەشداریی ئەمەریکا و میسر، رۆژی هەینی کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە، لەو رێککەوتنەدا بڕیاری ئاگربەستی چوار رۆژە راگەیەندرا، کە لەو ماوەیەدا پەنجا بارمتەی ئیسرائیلی ئازاد دەکرێن، لە بەرامبەر ئازادکردنی 150 زیندانی فەڵەستینی لەگەڵ هاتنە ناوەوەی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ کەرتی غەززە.

لە رۆژی هەینیەوە تا ئێستا 39 بارمتە بەپێی رێککەوتنەکە ئازاد کراون، جگە لە 24 بارمتە لە دەرەوەی رێککەوتنەکە کە زۆربەیان تایلەندین، کە لە ئیسرائیل کار دەکەن، هەروەها 117 زیندانی فەڵەستینیش ئازاد کراون کە لەلایەن ئیسرائیلەوە دەستگیرکرابوون.

دەکرێت ئاگربەستەکە درێژ بکرێتەوە بەو مەرجەی کە بزووتنەوەی حەماس رۆژانە 10 بارمتەی زیادە ئازاد بکات، لە بەرامبەر ئازادکردنی فەڵەستینی زیاتر لە زیندانەکانی ئیسرائیل.

لە 7ـی ئۆکتۆبەر بزووتنەوەی حەماس هێرشی کردە سەر ئیسرائیل، زیاتر لە هەزار و 200 ئیسرائیلی کوژراون و زیاتر له‌ هه‌زاریشیان بریندارن، هەروەها زیاتر لە 240 ئیسرائیلی وەک بارمتە لەلایەن حەماسەوە ده‌ستبه‌سه‌ر كرابوون.

هەروەها بەهۆی هێرشە چڕەکانی ئیسرائیلیش 14 هەزار و 854 کەس لە کەرتی غەززە کوژراون، کە لە نێو کوژراوەکاندا شەش هەزار و 150 منداڵ و چوار هەزاریش ئافرەتن.