وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کەلوپەلی ماوەبەسەرچووی لە کەمپی ئاوارەکان دابەشکردووە

کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو
کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو

K24 – شێخان:

له‌ سێ كه‌مپی تایبه‌ت به‌ ئاواره‌كانی شنگال له‌ پارێزگای دهۆك وه‌زاره‌تی كۆچ و كۆچبه‌رانی عێراق 31 تۆن كه‌لوپه‌لی ماوه‌به‌سه‌رچووی دابه‌شكردووه‌ و له‌ لایه‌ن لیژنه‌ی به‌دواچوونیش پێداویستییه‌كان ده‌ستی به‌سه‌ردا گیرا، ئه‌م بابه‌ته‌ ئاواره‌كانی نیگه‌ران كردووه‌ و ده‌ڵێن: "دابه‌شكردنی پێداویستی ماوەبه‌سه‌رچوو له‌ كه‌مپه‌كه‌ندا چه‌ند جارێكه‌ دووباره‌ ده‌بێته‌وه‌ و پێویسته‌ هه‌ڵوه‌سته‌ی له‌سه‌ر بكرێت و به‌دواداچوون له‌م باره‌یه‌وه‌ بكرێت".

خدێدە ئیبراهیم، ئاوارە، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئەو کەلوپەلانەی کە بەسەر ئێمەیان دابەشکردووە سەرجەمی ماوەبەسەرچوو بوون، لەبری ئەوەی بێن هاوکاریمان بکەن کەچی دێن کەلوپەلی ماوەبەسەرچوومان بەسەردا دابەشدەکەن.

ئاوارەیەکی دیکە بە ناوی بەرەکات شنگالی گوتی: ئەو کەلوپەلانەشی کە دێن زۆر دوا دەکەون دوو مانگ جارێک یان سێ مانگ جارێک کەلوپەلمان بەسەردا دابەشدەکرێت، بەڵام ئەوەی کە دەیبینین کەلوپەلەکانیان سەرجەمی ماوەبەسەرچوو بوو، ئەمە چەندەمین جارە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق ئەو کارە دەکات.

لە قەزای شێخان نزیکەی 40 هەزار ئاوارە لە کەمپەکاندا دەژین، وەک ئاوارەکان ئاماژەی پێدەکەن ئەمە یەکەمجار نییە کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو بەسەریاندا دابەشدەکرێت، هاوکات داواکارن لیژنەیەکی تایبەت بەو بابەتە دروستبکرێت.

لەلایەن خۆیەوە غانم ئێسیانی، ئەندامی لیژنەی بەدواداچوونی کەمپەکانی شێخان بە کوردستان24ـی گوت: "ئەم کەلوپەلانە لەلایەن لیژنەکانی بەدواداچوونی بازاڕی شێخان داستیان بەسەرداگیرا، سەرجەمی ئەو کەلوپەلانە لەلایەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق هێنرابوون بۆ کەمپەکان".

 

دەیان جەعفەر: چەندین جارە پێداویستی خراپ لە کەمپەکان دابەشدەکرێت

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک رایدەگەیەنێت؛ حکومەتی عێراقیان لە خراپی کوالێتی کەلوپەلەکان ئاگادارکردووەتەوە. گوتیشی: حکومەتی عێراق هاوکاری ئاوارەکان ناکات.

دەیان جەعفەر، بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک، لەبارەی دابەشکردنی کەلوپەلی ماوەبەسەرچوو بەسەر سێ کەمپی ئاوارەکانی شنگال لە پارێزگای دهۆک، رایگەیاند؛ "کاتێک وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کەلوپەلی بەسەر ئاوارەکانی شنگال لە کەمپەکانی قەزای شێخان دابەشکرد، ئاگادارکراینەوە کە کەلوپەلەکان ماوەبەسەرچوون، ئێمەش ئاسایشی پارێزگای دهۆکمان لەوبارەیەوە ئاگادارکردەوە و دەست بەسەر ئەو کەلوپەلانەدا گیرا".

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک، هەروەها راشیگەیاند، جێگای داخە چەندین جارە پێداویستی خراپ لە کەمپەکان دابەشدەکرێت، بە تایبەت لە ساڵی رابردوودا، ئەمساڵیش هەندێک مانگ کەلوپەلەکان کێشەی نەبوو، بەڵام لەو چەند مانگەی دواییدا دیسانەوە کەلوپەلی ماوەبەسەرچوویان بەسەردا دابەشکرا.

دەیان جەعفەر، دەڵێت: وەزارەتی کۆچ و کۆچەبەرانی عێراق هەمیشە پرسی ئاوارەکان وەک پرسێکی سیاسی بەکاردەهێنێت و فشار دەخاتەسەر ئاوارەکان بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەجێبهێڵن.

بەڕێوەبەری کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیرانەکان لە دهۆک، ئاماژەی بەوەدا، لە سنووری پارێزگای دهۆک و ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ نزیکەی 21 کەمپی ئاوارە هەن، وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران فشار دەخاتە سەر ئاوارەکان بۆ ئەوەی لە هەرێمی کوردستان نەمێنن، بەڵام لە بەرامبەردا حکومەتی هەرێمی کوردستان هیچ فشارێک لە ئاوارەکان ناکات و ئازادی کردوون لەوەی لە هەرێمی کوردستان دەژین یاخود دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانیان.

دەیان جەعفەر، گوتی: هاوکاری رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان بەهۆی فشارەکانی حکومەتی عێراق بۆ ئاوارەکانی هەرێمی کوردستان کەمیکردووە.

گوتیشی: ئاوارەکان بوونە بارێکی قورس بۆسەر ئابووری هەرێمی کوردستان، حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تەنیا چووەتە ژێر ئەو بارە قورسە، بە تانیا هاوکاری ئاوارەکان دەکات؛ نە رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان، نە حکومەتی عێراق وەک پێویست هاوکاری ئاوارەکان ناکەن.