پەیامنێری کوردستان24: سوودانی پێشنیازی شاندی حکومەتی هەرێم لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران دەخاتەڕوو

ئاڵاکانی کوردستان و عێراق
ئاڵاکانی کوردستان و عێراق

K24 – بەغدا:

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان داوای سێ 700 ملیار دیناری دیکەیان لە حکومەتی عێراق کردووە، هەروەها داوایان کردووە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە خەرجی راستەقینە جیابکرێتەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە (27ـی تشرینی دووەمی 2023) دیلان بارزان، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەرڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق نزیکەی کاتژمێر سێ دەستی پێکرد و کۆبوونەوەکە کاتژمێرێکی خەیاند، دواتر کۆبوونەوەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی تەکنیکی حکومەتی عێراق دەستیپێکرد و تاوەکو ئێستا کۆبوونەوەکە بەردەوامە.

پەیامنێری کوردستان24، ئاماژەی بەوەدا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە فەرمی داوایان لە سوودانی کردووە کە سێ مووچەی دیکە بۆ هەرێمی کوردستان بنێدرێت، واتە سێ پشکی دیکەی 700 ملیار دیناری، تاوەکو مووچەی مانگی 10 و 11 و 12ـی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان دابەشبکرێت، تاوەکو دەگەنە رێککەوتنێکی سیاسی لەسەر هەموارکردنەوەی یاسای بودجە.

دیلان بارزان، هاوکات راشیگەیاند، هەرێمی کوردستان داوا دەکات مووچەی مووچەخۆرانی لە خەرجی راستەقینە جیابکرێتەوە، هەروەها داوادەکات بابەتی نەهاتنی مووچە کۆتایی پێبهێندرێت، تاڕادەیەک لێکتێگەیشتنی باش هەبوو لەنێوان شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی عێراق.

پەیامنێری کوردستان24، گوتی: ئەو داواکارییەی کە شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان پیشکەشی حکومەتی عێراقیان کردووە، بڕیارە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئەو داواکارییە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقدا بخاتەڕوو و، تا بڕیاری لەسەر بدرێت کە بە چ میکانیزمێک ئەو سێ مووچەی کە ماوە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت.

دیلان بارزانی، گوتیشی: تا ئێستا کۆبووەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی تەکنیکی حکومەتی فیدراڵی بەردەوامە، ئامانجی سەرەکی ئەم کۆبوونەوەیەش چۆنییەتی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستانە، هاوکات بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان بێنە بەغدا و لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق کۆببنەوە.

بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە (27ـی تشرینی دووەمی 2023) وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی ئاوات جەناب نوور،ی وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و عەبدولحەکیم خەسرۆ، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و خالید هادی چاوشلی، راوێژکار لە ئەنجوومەنی وەزیران بەرەو شاری بەغد بەڕێکەوتن".