فه‌همی بورهان: كورد له به‌رده‌م ئه‌ركێكی مێژووییه بۆ لادانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌پێنراوی كه‌ركووك
K24 – هەولێر:
سه‌رۆكی گشتی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت كورد له كه‌ركووك و ناوچه كوردستانییه‌كانی دیكه له به‌رده‌م ئه‌ركێكی مێژوویدایه بۆ سه‌لماندنی بوونی خۆی و لادانی ده‌سه‌ڵاتی سه‌پێنراوی ناوچه‌كان به‌تایبه‌ت له كه‌ركووك.
ئه‌مڕۆ (دووشه‌ممه 27ـی تشرینی دووه‌می 2023) فه‌همی بورهان، سه‌رۆكی گشتی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق و به‌شداری كورد له ناوچه كوردستانییه‌كاندا له‌میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌ی باسی رۆژ كه له‌لایه‌ن ژینۆ محه‌ممه‌ده‌وه له كوردستان24 رایگه‌یاند، كورد له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌به‌رده‌م پێشهاتێكی گرنگ و مێژوویی دایه و پێی وابوو به‌شداریكردنی كورد له‌و هه‌ڵبژاردنه‌دا به‌رپرسیاریه‌تێكی نه‌ته‌وه‌یی، مۆڕاڵی، مێژوویی و ئه‌خلاقییه.
سه‌رۆكی گشتی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد، ئه‌وه‌ی كورد له ماوه‌ی زیاتر له 100 ساڵی رابردوودا له رێگه‌ی خه‌بات و قوربانیداندا نه‌یتوانی پێی بگات، ئێستا و له‌م هه‌ڵبژاردنه‌دا له به‌رده‌م ده‌رفه‌تێكی نوێدایه بۆ سه‌پاندن و سه‌لماندنی بوونی خۆی له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.
فه‌همی بورهان له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رنجی بۆ ئه‌وه راكێشا، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه و به‌شداری كارای كورد تێیدا، رێڕه‌وی مێژوویی كورد ده‌گۆڕێت. به پێویستیشی زانی كورد به ئه‌مانه‌ته‌وه به‌شداری له به‌ڕێوه‌چوونی هه‌ڵبژاردنه‌كان بكات.
فه‌همی بورهان جه‌ختیكرده‌وه ئێستا له كه‌ركووك ئیداره‌یه‌كی سه‌پێندراو هه‌یه و له ده‌ره‌وه‌ی خواستی خه‌ڵكی شاره‌كه هه‌ڵسوكه‌وت ده‌كات و بڕیار ده‌دات، به‌شێوه‌یه‌ك له ماوه‌ی شه‌ش ساڵی رابردوودا ده‌یان پێشێلكاری گه‌وره‌ی به‌رامبه‌ر به كورد له شاره‌كه كردووه، ته‌نانه‌ت هۆكار بووه بۆ تێكدانی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی خه‌ڵكی شاره‌كه، كه ئه‌و شاره هه‌رگیز ئه‌و دۆخه خراپه‌ی به‌یه‌كه‌وه‌ژیانی له سه‌رده‌مه‌كانی رابردوودا به‌خۆوه نه‌بینیوه.
سه‌رۆكی گشتی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دووپاتیكرده‌وه، ده‌سه‌ڵاتی خۆسه‌پێنی كه‌ركووك ته‌نانه‌ت په‌نای بردووه‌ته به‌ر شێواندن و قه‌ده‌غه‌كردنی زمانی كورد له دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی شاره‌كه، كه ئه‌مه‌ش ده‌بێت كورد رابچڵه‌كێنێت و به په‌رۆشه‌وه بچێته سه‌ر سندووقه‌كانی ده‌نگدان بۆ ئه‌وه‌ی تۆڵه‌ی زمانه‌كه‌ی بكاته‌وه.
هه‌روه‌ها تیشكی خسته سه‌ر ئه‌وه‌ی كه عه‌ره‌ب به جۆشوخرۆشه‌وه خۆیان بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كه ئاماده كردووه و سه‌ردانی بنكه‌كانی وه‌رگرتنه‌وه‌ی كارتی بایۆمه‌تری ده‌كه‌ن. گوتیشی، عه‌ره‌بێكی زۆر هێنراوه‌ته كه‌ركووك به‌تایبه‌ت له به‌شی باشووری شاره‌كه، كه چه‌ند گه‌ڕه‌كێكیان دروست كردووه و خه‌ریكه بگاته‌وه داقووق.
دووپاتیكرده‌وه، عه‌ره‌به‌كانی كه‌ركووك ئامانجیانه ئه‌و پارێزگاره سه‌پێنراوه‌ی ئێستای كه‌ركووك بۆ له‌مه‌ودوا به قانوون و به شه‌رعیه‌تی ده‌نگدان و هه‌ڵبژاردن دابنێنه‌وه.
بڕیار وایه رۆژی 18ـی كانوونی یه‌كه‌می 2023، هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی عێراق (جگه له پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان) ئه‌نجام بدرێت.