پرسی قوربانییانی چەکی کیمیایی کوردستان دەگەیەندرێتە کۆنگرەی ساڵانەی رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی

کۆنگرەى ساڵانەى وڵاتانى ئەندامى رێکخراوى قەدەغەکردنى چەکى کیمیایی
کۆنگرەى ساڵانەى وڵاتانى ئەندامى رێکخراوى قەدەغەکردنى چەکى کیمیایی

K24 - هەولێر:

نوێنەرانی وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان پرسی قوربانییانی چەکی کیمیایی دەگەیننە 28ـەمین کۆنگرەى ساڵانەى وڵاتانى ئەندامى رێکخراوى قەدەغەکردنى چەکى کیمیایی (OPCW) لە لاهای هۆڵەندا.

ئەمڕۆ دووشەممە (27ـى تشرینى دووەمى 2023)، وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، شاندێکی هەرێمی کوردستان  کە پێکهاتوون لە هابیل حاجی ئەحمەد، بەڕێوەبەری مۆنۆمێنتی ئەنفال لە چەمچەماڵ و عەبدولباست عەبدولجەبار، نوێنەری وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان بەشداری کۆنگرەی ساڵانەی رێکخراوی قەدەغەکردنى چەکى کیمیایی (OPCW) لە لاهای هۆڵەندا کرد کە بۆماوەى پێنج رۆژ بەردەوام دەبێت.

هابیل حاجى ئەحمەد رایگەیاند، لەرێگەى وەزارەتى کاروبارى شەهیدان و ئەنفالکراوانى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە بەشدارییان لە کۆنگرەکەدا کردووە و هەوڵدەدەن ئازار و نەهامەتییەکانى گەلى کورد کە یەکێک لە قوربانییە گەورەکانى چەکى کیمیایی بە وڵاتانى جیهان بگەیەنن.

گوتیشى: "لە دەرەوەى هۆڵى کۆنفرانس، کۆشکى تایبەت بە هەرێمى کوردستانیان کردووەتەوە و چەندین سەرچاوە و کتێب و بەڵگەنامەى گرنگ بە زمانە بیانییەکانی تێدا نمایشکراوە سەبارەت بە جینۆسایدى گەلى کورد".

ئامادەکردنی: کارزان حەیدەر