چین: سەربەخۆیی تایوان واتا شەڕ

K24 – هەولێر

بەرپرسێکی چین رایگەیاند، پەکین ئامادەیە بۆ یەکگرتنی بەرفراوان لەگەڵ تایوان، بەڵام هیچ چالاکییەک قبوڵ ناکات کە ئامانجی "سەربەخۆیی" تایوان بێت.

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ی تشرینی دوووەمی 2023، چین بین هوا، گوتەبێژی فەرمانگەی کاروباری تایوان سەر بە ئەنجومەنی وڵاتی چین رایگەیاند، "پەکین ئامادەیە بۆ یەکگرتنی بەرفراوان لەگەڵ تایوان، بەڵام هیچ چالاکیەک قبوڵ ناکات کە ئامانجی "سەربەخۆیی" تایوان بێت"، هۆشداریشیدا لەوەی کە هەر چالاکییەکی لەو جۆرە بە مانای شەڕ دێت.

گوتیشی: "دڵنیاتان دەکەمەوە سەربەخۆیی تایوان واتا شەڕ". ئەو بەرپرسەی چین ئاماژەی بەوەشکرد، پەکین لەو هێزانە قبوڵ ناکات و لێیان خۆشنابێت، کە داوای سەربەخۆیی تایوان دەکەن.

ئەم هەڕەشەیەی چین لە وەڵامی گوتەی هەندێک لە سیاسییەکانی پارتی پێشکەوتنخوازی دیموکرات لە تایوان دێت، کە پشتیوانی لە سەربەخۆیی دوورگەکە دەکەن، راشیانگەیاندووە چین هیچ خشتەیەکی ئۆپەراسیۆنی شەڕی نییە دژی تایوان.

چین ئەودوورگەیەی تایوان بە بەشێک لە خاکی خۆی دەزانێت، سەرەڕای ئەوەی حکومەتیان هەیە، بەڵام ملکەچی دەسەڵاتی پەکین نیین.

ئا: لاڤین عومەر