کارگەی ڤان ستیل بۆ بەرهەمهێنانی ئاسن لە هەولێر دەکرێتەوە

K24 - هەولێر

ئەمڕۆ سێشەممە، 28ـی تشرینی دووەمی 2023، کارگەی ڤان ستیل بۆ بەرهەمهێنانی ئاسن بە ئامادەبوونی بەرپرسان و وەبەرهێنەران و لایەنی پەیوەندیدار لە شاری هەولێر دەکرێتەوە.

کارگەی ڤان ستیل کۆمەڵێک قەبارەی بەرفراوانی ئاسن بەرهەمدەهێنێت، کە لە 8 ملم تا 32 ملم، بۆ دابینکردنی پێداویستییە جۆراوجۆرەکانی بیناسازی لەناوچەکە.

کارگەکە توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەی زیاتر لە 700 هەزار تۆنە، بەمەش پێداویستیی پڕۆژە بیناسازییە جیاوازەکان بە بەرزترین ستانداردی کوالیتی پڕ دەکاتەوە.

ڤان ستیل پابەندە بە دروستکردنی پلێتی کانزایی کوالیتی بەرز بۆ ئەم مەبەستەش نوێترین تەکنەلۆژیاکانی وەک کورەی کەوانەیی و ئامێرسازی بەکاردەهێنێت. پلێت و بلۆکە کانزاکان بە وردی ئەندازیاری کراون بۆ تێپەڕاندنی ستانداردە توندەکانی کە لەلایەن رێکخراوی ناوەندی عێراقی بۆ ستانداردکردن و کۆنترۆڵکردنی جۆریی دانراون و بە رەهەندەکانی 15 x 15سم و 20 x 20سم بەردەستە. هەروەها ڤان ستیل بە کردنەوەی ئەو دامەزراوەیە 700 هەلی کاری راستەوخۆی دەرەخسێنێت.

کارگەی ئاسنی ڤان ستیل لە ساڵی 2021 ەوە دەست بەدروستکردنی کراوە لەسەر رووبەری 335 هەزار مەتر دووجا، ئاماژە بەوەشکراوە، بە پێی ستانداردی کۆمەڵەی جیهانی بۆ بەرهەمهێنانی ئاسن،  زیاتر لە پێنج هەزار و 500 هەلی کاری ناراستەوخۆی دروستکردوە بۆ کەسانی ناوخۆی هەرێم و دەرەوە، کە  700 هەلی کاری راستەوخۆی دروستکردوە کە 85% هێزی کاری ناوخۆیین.

کارگەکە توانای دابینکردنی ئاسنی بۆ ناوخۆی کوردستان و عێراق  و هەناردەکردنیش هەیە، هەروەها کارگەکە دۆستی ژینگەیە و بەهیچ شێوەیەک دوکەڵ و دەرهاویشتەکانی ژینگە پیس ناکەن وئەمەش بە بەکارهێنانی نوێترین تەکنەلۆژیای سیستەمی دوکەڵکێش، سەرمایەی پرۆژەکەش 314 ملیۆن دۆلارە.