ئێران: لە هەشت مانگدا بە گوژمەی 20 ملیار دۆلار نەوت و گازمان هەناردەکردووە

ئێران داهاتی هەناردەکردنی نەوت، گاز و بەرهەمە نەوتییەکانی لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا ئاشکرا کرد
ئێران داهاتی هەناردەکردنی نەوت، گاز و بەرهەمە نەوتییەکانی لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا ئاشکرا کرد

K24 - هەولێر

وەزیری ئابووریی ئێران دەڵێت، لە ماوەی هەشت مانگی ڕابردوودا، بە گوژمەی 20 ملیار دۆلار نەوت، گاز و بەرهەمە نەوتییەکانیان هەناردە کردووە.

ئێحسان خاندووزی، وەزیری ئابووریی ئێران رایگەیاند، وڵاتەکەی لە هەشت مانگی دوای نەورۆزی ئەمساڵ، بە گوژمەی 20 ملیار دۆلار نەوت، گاز و بەرهەمە نەوتییەکانی هەناردەکردووە و تەرازووی بازرگانیی ئەو وڵاتە سەرووی 10 ملیار دۆلار بووە.

کۆمپانیاکانی زانیاریی کاڵاش کۆمەڵێک ئاماریان بڵاوکردووەتەوە کە لەگەڵ ئامارەکانی کۆمپانیای زانیاریی وزە (ڤۆرتێکسا) یەک دەگرێتەوە و روونیدەکاتەوە، ئێران لە هەشت مانگی رابردوودا ڕۆژانە بە تێکڕا یەک ملیۆن و 140 هەزار بەرمیل نەوتی خاو و بەرهەمە گازییەکانی هەناردەکردووە و بەپێی ئامارەکانی ئۆپێکیش نرخی یەک بەرمیل نەوتی هەناردەکراوی ئێران لەو ماوەیەدا نزیکەی 78 دۆلار بووە.

بەم شێوەیە، ئێران لەو ماوەیەدا تەنیا لە هەناردەکردنی نەوتی خاو و بەرهەمە گازییەکان 21 ملیار و 500 ملیۆن دۆلار داهاتی دەستکەوتووە. هەروەها ڕۆژانە 230 هەزار بەرمیل مازۆت و نزیکەی 50 ملیۆن مەتری سێجا گازی هەناردەکردووە و لەوانەش نزیکەی 7 ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری دەستکەوتووە کە کۆیەکەی دەکاتە 29 ملیار دۆلار.

بەڵام بە گوتەی وەزیری ئابووریی ئەو وڵاتە، کۆی داهاتەکەیان تەنیا 20 ملیار دۆلار بووە، واتا یەک لەسەر سێی داهاتە نەوتییەکانی ئێران لە ڕەوتی دەورلێدانەوەی گەمارۆ ئابوورییەکاندا بەفیڕۆ دەچێت.

پێشتر ئاژانسەکانی ڕۆیتەرز و بلۆمبێرگ رایانگەیاندبوو، حکومەتی ئێران لەسەدا 12 تا 15ی نرخی نەوتەکەی بۆ پاڵاوگەکانی چین داشکاندووە و، دەبێ تێچوویەکیش بۆ دەورلێدانەوەی گەمارۆکان دابین بکات؛ بۆ ئەوەی بتوانێت لە قووڵایی ئۆقیانووسەکاندا باری نەوتەکەی لە کەشتییەکەوە بۆ کەشتییەکی دیکە بگوازێتەوە و پارەیەکیش بە دەڵاڵەکانی ناوچەکە بدات بۆ ئەوەی بڕەند و خاوەنداریی نەوتەکەی ئێران بگۆڕن.