سامان بەرزنجی: دەمانەوێت ئاستی خزمەتگوزارییە تەندروستییەکان بەرزتر بێت

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

وەزیری تەندروستی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: ئامانجی لە بە دیجیتاڵکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی کەرتی تەندروستی بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاریی تەندروستییە.

د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستی هەرێمی کوردستان، لە کۆنفرانسی بە دیجیتاڵکردنی سیستەمی ئەلیکترۆنی کەرتی تەندروستی رایگەیاند، "رێکخراوی یونسێف و رێکخراوی(WHO) هاوبەشمانن لە پڕۆژەی بە دیجتاڵکردنی سیستەمی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان، ئامانجی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەرنامەی کاری وەزارەتی تەندروستییە لە کابینەی نۆیەم، کە سیستەمی تەندروستی بە ئاڕاستەی دیجیتاڵ کردن و ئەلیکترۆنی کردن بکەین".

وەزیری تەندروستی، گوتی: "وەک بەشێکی سەرەکی بە دیجیتاڵکردنی، سیستەمی کەرتی تەندروستیی بۆ ئێمە و حکومەت لە گرنگترین سێکتەرەکانە، چونکە پەیوەندی راستەوخۆی بە هەر تاکێکی کۆمەڵگاوە هەیە، تێیدا چەندین ئامانج بەدی دەهێندرێت".

سامان بەرزنجی، گوتیشی: "یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانی دیکە، بریتییە لە ئاستی کوالێتی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی، بۆ هاووڵاتییان بە گشتی و دامودەزگاکانی تەندروستی بەتایبەتی، بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی گشتییە لەناو کۆمەڵگا، کاتێک راستەوخۆ پەیوەندی ئەلیکترۆنی لەنێوان هاووڵاتی و دامودەزگای تەندروستی دروست دەبێت، سیستەمی تەندروستی، وردبین تر دەبێت، لە داتا وزانیارییەکان کە لە سیستەمی تەندروستی گرنگترین بڕیار "داتا و زانیارییە"، بۆیە بە سیستەمی دیجیتاڵی بڕیاری راست و دروست دەردەچێت".

راشیگیەیاند: "ئامانجێکی دیکەی سەرەکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، کەمکردنەوەی رۆتینە لەسەر هاووڵاتییان، بۆ ئەوەی هاووڵاتی بە کەمترین رۆتین بگاتە دامودەزگای حکومی و دەزگاکانی تەندروستی، بەردەوام لە پەیوەندی راستەوخۆ دەبێت، بۆ ئێمە هاووڵاتی جگە لە نەخۆش بۆ ئێمە بە پلەی یەکەم گرنگترە، تەندروستی گشتی بۆ هەموو هاووڵاتییانە نەک تەنیا نەخۆش، بۆیە لە سیستەمی دیجیتاڵکردن هاووڵاتییان پەیوەست دەبێت بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستی".

ئا: لاڤین عومەر