لە میسر ئامێری ATM بۆ کڕینی زێڕ دادەندرێت

K24 - هەولێر

بۆ یەکەمجار، ئامێری ATM بۆ کڕینی زێڕ لە میسر دادەندرێت، کە خزمەتگوزاری فرۆشتنی زێڕ پێشکەش بە هاووڵاتییان دەکات.

ئەو هەنگاوەش دوای ئەوە دێت خواستێکی زۆر بۆ کڕینی زێڕ لە میسر هەیە و دانیشتووانی وڵاتەکە بە ئامانجی کڕینی زێڕ و پاراستنی سەرمایەکانییان روو لە کڕینی زێڕ دەکەن، بە تایبەت دوای ئەوەی شرۆڤەکارانی بازاڕ کۆدەنگن لەسەر ئەوەی لە ساڵی داهاتوودا نرخی زێڕ بەرزدەبێتەوە.

لە چوارچێوەی بەڕێوەچوونی پێشانگەی نێودەوڵەتی زێڕ و گەوهەر لە قاهیرەی پایتەختی میسر، وەزیری دابینکردن و بازرگانی ناوخۆیی وڵاتەکە، یەکەم ئامێری ATMـی تایبەت بە فرۆشتنی قاڵبی زێڕ راگەیاند.

وەزیری دابینکردن و بازرگانی ناوخۆیی میسر ئاماژەی بەوەدا، ئەو هەنگاوە لە چوارچێوەی سیستەمی رووکردنە لە ئەلیکترۆنی و گشتگیری دارایی کە ‌هێڵە سەرەکییەکانی بەرنامەی حکومەتە.

راشیگەیاند، ئەو ئامێرانە ئەزموونێکی ئاسوودە بە کڕیاران دەبەخشێت کە ئارەزووی کڕینی زێڕیان هەیە.

ئاشکراشی کرد، ئەو ئەزموونە لە تەواوی بازاڕەکان گشتگیر دەکرێت و سیستەمەکەی تەواو پارێزراو دەبێت، هۆکاری سەرەکی ئەو هەنگاوە بۆ زۆری خواست بۆ زێڕ لە ناوخۆ دەگەڕێتەوە.

بە گوێرەی بڕیارەکە، جیاوازی لە نێوان نرخی قاڵبی زێڕ لە بازاڕەکان و ئامێرەکانی ATM نابێت، نرخەکانیان بە گوێرەی باجی جێگیر دەبێت.