نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستی شەش مانگی رابردووی بەرزدەبێتەوە

K24 - هەولێر

نرخی زێڕ بۆ بەرزترین ئاستەکانی شەش مانگی رابردووی بەرزدەبێتەوە، هۆکارەکەشی بۆ پێشبینییەکان بە بڕیارەکانی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریکا دەگەڕیتەوە، شارەزایان پێشبینی ئەوە دەکەن کۆتایی بە بەرزکردنەوەی نرخی سوو بهێندرێت.

لەسەر ئاستی مامەڵەکاندا، نرخی ئۆنسێک زێڕ بە رێژەی سەدا 0.1 بۆ 2015 دۆلار بەرزبووەوە، کە ئەوەش بەرزترین ئاستییەتی لە دوای 16ـی ئایاری ئەمساڵەوە، هەروەها لە گرێبەستەکانی داهاتووشی بۆ مانگی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، بە رێژەی سەدا 0.2 بۆ 2015 دۆلار و 70 سەنت بەرزبووەوە.

لە بەرامبەردا پێنوێنی دۆلاریش بۆ کەمترین ئاستی لە دوای مانگی ئابەوە بەرامبەر بە سەبەتەی دراوە سەرەکییەکان دابەزی.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوای بڵاوبوونەوەی داتاکانی ئەم دواییە بە داکەوتنی رێژەی هەڵاوسان و باش بوونی نیساندەرەکان، پێشبینی دەکرێت ئەنجومەنی فیدراڵی ئەمەریکا کۆتایی بە توندکردنی سیاسەتی نەختینەیی بهێنێت و رێژەی هەڵاوسان بەرز نەکاتەوە.