زانایان جینێکی گۆڕاویان دۆزیوەتەوە کە یارمەتی چارەسەرکردنی قەڵەوی دەدات

K24 - هەولێر

کۆمەڵێک زانا جینێکی گۆڕاویان دۆزیوەتەوە، کە تەنها لەسەدا 4ـی خەڵک هەیانە، کە دەتوانێت یارمەتی کۆنترۆڵکردنی کێشی جەستە و چارەسەرکردنی قەڵەوی بدات.

بەگوێرەی رۆژنامەی ئیندیپێندنتی بەریتانی، ئەم جینە گۆڕاوە ناوی "ZFHX3" یە و زانایانی زانکۆی نۆتینگهام ترێنت و سەنتەری توێژینەوەی پزیشکی هاروێڵ ئاشکرایان کردووە، کە دەتوانێت کاریگەری لەسەر ناوچەیەکی مێشک هەبێت کە بە تەلاموس ناسراوە، کە ئارەزووی خواردن و برسێتی و تینوێتی کۆنتڕۆڵ دەکات بە داگیرساندن و کوژاندنەوەی ئەرکی جینەکانی دیکە.

زاناکان تاقیکردنەوەیان لەسەر مشکەکان ئەنجامدا بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی کارکردنی ئەم جینە گۆڕاوە، چاودێری خووی خواردنی ئەو مشکانەیان کرد کە ئەو جینەیان هەبووە و بەراوردیان کرد لەگەڵ ئەو مشکانەی کە هەڵگری جینەکە نەبوون.

زاناکان بۆیان دەرکەوت ئەوانەی جینی گۆڕاوی ZFHX3 یان هەیە خۆراکی کەمتریان خواردووە و رێژەی ئەنسۆلین و هۆرمۆنێکی دیکە کە بە لپتین ناسراوە کەمتر بووە، ئەمەش یارمەتی رێکخستنی کێشی لەش دەدات.

دکتۆر ریبێکا دەمبڵ، توێژەر لە قوتابخانەی زانست و تەکنەلۆژیا لە زانکۆی نۆتینگام ترێنت، کە سەرپەرشتی توێژینەوەکە دەکات، دەڵێت: ئەو مشکانەی هەڵگری ئەم جینەن نزیکەی لە 12% کەمتر خۆراکیان خواردووە لە چاو ئەوانی دیکە، کە لە تەمەنی یەک ساڵیدا کێشیان لە 20% کەمتر بووە.

ئاماژەی بەوەشکرد: "ئەم دۆزینەوەیە رەنگە ئەوەمان بۆ روون بکاتەوە کە بۆچی هەندێک کەس ئارەزووی خواردنیان زیاتر نییە لە هەندێکی دیکە، ئەمەش دەیانپارێزێت لە زیادبوونی کێشێکی زۆر".

دەمبڵ گوتیشی: دابەزینی ئاستی ئەنسۆلین ئاماژەیە بۆ ئەوەی ئەو مشکانەی کە چەوری جەستەیان کەمترە، رێکخستنی شەکری خوێنیان باشترە، هەربۆیە کەمتر مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشییەکانی وەک جۆری دووەمی شەکرە و نەخۆشییەکانی دڵ هەیە.

تیمەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە ئەم دۆزینەوە دەتوانێت رێگە خۆش بکات بۆ چارەسەری نوێی دابەزاندنی کێش.