شا چارلزی سێیەم کوڕەکەی بە "گەمژە" ناودەبات

K24 - هەولێر

کتێبێکی نوێ بانگەشەی ئەوە دەکات کە شا چارڵی سێیەمی بەریتانیا بە تووڕەییەوە هاری کوڕەکەی بە "گەمژە" ناوبردووە، ئەمەش دوای پەخشکردنی زنجیرە دۆکیۆمێنتارییەک بوو لە پلاتفۆرمی نێتفلێکس.

کاردانەوەکەی شا بەرامبەر بەو زنجیرانە بووە کە لە چوارچێوەی گرێبەستی هاری و مێگان بە بڕی 100 ملیۆن دۆلار لەگەڵ ئەو کۆمپانیایە تەلەفزیۆنییە بەرهەم هێنراون، لە بەشێکی کتێبێکی نوێی ژیاننامەدا کە باس لە ژیانی بنەماڵەی شاهانەی بەریتانیا دەکات، بە وردی باسکراوە.

ئومێد سکۆبی لە کتێبی "Endgame " کە رۆژنامەی میترۆی لەندەنی پێداچوونەوەی بۆ کراوە، نووسیویەتی: "لە کۆشکەکەدا هەمووان سەریان گرتبوو و ئەوانەی ئامادەبوون تووشی شەقیقە بوون".

یاریدەدەرێکی بنەماڵەی شاهانە، کە ناوی لە رۆژنامەکەدا ئاشکرا نەکراوە دەڵێت: زنجیرەکان وایکردووە هەمووان توڕەیی خۆیان دەرببڕن، شا نەیویستووە کە باسی کوڕەکەی بکات بۆ ئەوەی بە ئاشکرا رەخنەی لێ بگرێت و بە"ئەو گەمژەیە" ناوی بردووە.

سکۆبی بانگەشەی ئەوە دەکات کە شازادە ویلیام و کەیت هاوسەرەکەی زنجیرەیەکی فیلمی "باشووری پارک"یان بە "شتێکی پێکەنیناوی" زانیوە کە گاڵتەیان بە هاری و میگان کردووە بە وێناکردنی گەشتێکی تایبەت بە جیهاندا.

فیل دامپیەر، نووسەرێک کە زیاتر لە 25 ساڵە لەسەر بنەماڵەی شاهانە نووسیویەتی، رەخنەی لە سکۆبی گرتووە کە لە کتێبەکەیدا پێشنیاری کردووە کە شازادە ویلیام و شا چارڵزی سێیەم جیاوازی بیروڕایان هەیە.

دامپیەر بە رۆژنامەی "زە سەنی" راگەیاند: "پێشنیارکردنی ئەوەی کە رەنگە ویلیام و پاشا ناکۆک بن لەگەڵ یەکتردا، بە تەواوی شتێکی بێمانایە، ئەستەمە ویلیام هیچ شتێک بکات کە وێنەی باوکی تێکبدات".

سکۆبی نووسیویەتی: "کاتێک تەنانەت خراپبوونێکی زۆر بچووکیش لە پێڵاوەکەی شا چارڵزدا هەبووبێت، کارمەندەکەی ناچار بووە بە خێرایی بە جووتێکی نوێی دیکە بیگۆڕێت".

لە درێژەی قسەکانیدا دەشڵێت: دەنگۆیەک هەیە لەلایەن هەندێک سەرچاوەوە، کە "شا چارڵز حەز دەکات کەسێک هەویری ددانەکەی بگوشێت تاوەکو هەویرەکە بێتە سەر فڵچەکەی خۆی، ئەمەش وەک بەشێک لە رۆتینیاتی پێش خەوتنەکەیەتی".

شازادە هاری و میگان مارکل لە 2020ەوە خانەوادەی شاهانەی بەریتانیان بەجێهێشتووە و روویان لە ئەمثریکا کردووە، ئاشکرایانکرد بەشێکی رۆیشتنیان لە بەریتانیا بەهۆی ئەوەوە بووە کە بەچاوی دەمارگیرانە سەیری میگان مارکل کراوە و تەنانەت پرسیار لەوەشکراوە نەوەک منداڵی دووەمی میگان رەشپێست دەرچێت.