لە هەولێر دەست بەسەر 425 کارتۆن جەرگی مریشکدا گیرا

لە هەولێر دەست بەسەر 425 کارتۆن جەرگی مریشکی ئێرانیدا گیرا
لە هەولێر دەست بەسەر 425 کارتۆن جەرگی مریشکی ئێرانیدا گیرا

K24 - هەولێر

ئاسایشی هەولێر دەستی بەسەر 425 کارتۆن جەرگی مریشکی ئێرانیدا گرت. قائیمقامیش دەڵێت، "جەرگی ماوەبەسەرچوو لە هەر شوێنێک ببینین؛ دەستی بەسەردا دەگرین".

ئەمڕۆ سێشەممە، 28-11-2023، نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی ناوەندیی هەولێر بە کوردستان24ـی راگەیاند، لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی ئابووری لە ئاسایشی گشتیی هەولێر، دەستگیرا بەسەر 425 کارتۆن جەرگی مریشکی ئێرانی.

چەند ساڵێکە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاوردەکردنی هەموو جۆرە جەرگێکی لە دەرەوە قەدەغەکردووە. قائیمقامی هەولێر دەڵێت، هەرچەندە بەشێکی ئەو جەرگەیەی دەستی بەسەردا گیراوە ماوەکەی بەسەر نەچووە، بەڵام بەهۆی بڕیارەکەی وەزارەتی کشتوکاڵ، ئەویش لەناودەبرێت و "رێگە نادەین لە هیچ خواردنگەیەک بەکاربهێندرێت".

بە گوتەی نەبەز عەبدولحەمید، "بەهۆی ئەو رێکارانەی لە ماوەی رابردوودا لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بەرامبەر ئەو کەسانە گیراوەتەر کە جەرگ و گوشتی ماوەی بەسەرچوو دێننە ناوەوەی هەولێر، رێژەی هێنانەناوەوەی جەرگ و گۆشتی ماوەبەسەرچوو بۆ سنووری پارێزگاکە کەمتربووەتەوە". گوتیشی، "لە ماوەی رابردوودا رێژەیەکی زۆر لە جەرگی ماوەبەسەرچوو، لە رێگەی دەروازەی باشماخەوە دەهێندرایە نێو هەرێمی کوردستان".

وەکو ئەوەی خۆی باسی کرد، "بە بڕیاری دادوەر دوو کەس بە تۆمەتی هێنانەناوەوەی ئەو جەرگە ماوە بەسەرچووە بۆ نێو هەولێر دەستگیرکراون و جەرگەکەش لەلایەن لیژنەکانی قائیمقامییەتییەوە پشکنیانیان بۆ دەکرێت و دواتر لەناودەبرێت".

قائیمقامی هەولێر  جەختیش لەوە دەکاتەوە، "جەرگی ماوەبەسەرچوو لە هەر شوێنێک ببینین؛ دەستی بەسەردا دەگرین. تەنها جەرگی خۆماڵی سەربڕخانەکان کە بە رەزامەندی پزیکشی فیتەرنەری دەچێتە نێو خواردنگەکان رێگەپێدراوە".