فه‌ره‌نسا كه‌لوپه‌له تایبه‌ته‌كانی میر عه‌بدولقادر جه‌زائیری بۆ وڵاته‌كه‌ی ده‌گه‌ڕێنێته‌وه
K24 - هەولێر:
میدیای فه‌رمی جه‌زائیر ئاماژه به‌وه ده‌كات لیژنه‌ی یاداشتی جه‌زائیری فه‌ره‌نسی سه‌باره‌ت به سه‌رده‌می كۆڵۆنیالیزم له یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیاندا رێككه‌وتن له‌سه‌ر گه‌ڕاندنه‌وه‌ی كه‌لوپه‌له تایبه‌ته‌كانی میر عه‌بدولقادر جه‌زائیری و دروستكردنی كرۆنۆلۆژیای تاوانه‌كانی كۆڵۆنیالیزم له ماوه‌ی سه‌ده‌ی نۆزده‌دا.
میدیای جه‌زائیر رایگه‌یاندووه، رۆژانی چوارشه‌ممه و پێنجشه‌ممه‌ی رابردوو "لیژنه‌ی یاداشتی جه‌زائیری فه‌ره‌نسی سه‌باره‌ت به سه‌رده‌می كۆڵۆنیالیزم" له یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی نێوانیاندا له شاری قۆنستانین له رۆژهه‌ڵاتی جه‌زائیر كه شوێنی له‌دایكبوونی بنیامین ستۆرا، مێژوونووسی فه‌ره‌نسی و سه‌رۆكی لیژنه‌ی فه‌ره‌نسییه له لیژنه‌كه، هه‌ردوولا رێككه‌وتوون كه‌لوپه‌له‌كانی میر عه‌بدولقادر جه‌زائیری بگه‌ڕێننه‌وه جه‌زائیر، هاوكات كرۆنۆلۆژیایه‌كی تایبه‌ت به تاوانه‌كانی كۆڵۆنیالیزمی فه‌ره‌نسی له جه‌زائیر دروست بكه‌ن.
لیژنه‌كه بڕیاری داوه ئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندی به سه‌روه‌ری گه‌لی جه‌زائیره‌وه هه‌یه به‌تایبه‌ت كه‌لوپه‌له‌كانی میر عه‌بدولقادر جه‌زائیری و ته‌رم و كه‌لله‌سه‌ری سه‌ركرده‌كانی دیكه كه له جه‌نگی دژ به كۆڵۆنیالیزم له سه‌ده‌ی نۆزده گیانیان له‌ده‌ستداوه، بگه‌ڕێندرێنه‌وه وڵاته‌كه‌یان.
فه‌ره‌نسا پێشتر له ساڵی 2020ـدا ته‌رمی بیست و چوار له خه‌باتگێڕانی جه‌زائیری دژ به كۆڵۆنیالیزمی فه‌ره‌نسی بۆ جه‌زائیرییه‌كان گه‌ڕانده‌وه، به‌ڵام حكومه‌تی جه‌زائیر داوای كردووه سه‌رجه‌م كه‌لله‌سه‌ره‌كانی دیكه‌ی خه‌باتگێڕه كوژراوه‌كانی كه له مۆزه‌خانه‌كانی فه‌ره‌نسادان، بۆ بگه‌ڕێندرێنه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی جارێكی بنیاننێژێته‌وه.
هه‌روه‌ها لیژنه هاوبه‌شه‌كه رێككه‌وتووه، دوو ملیۆن به‌ڵگه‌نامه كه به ئه‌لیكترۆنی كراون و هی سه‌رده‌می كۆڵۆنیالیزمی فه‌ره‌نسییه، هاوكات له‌گه‌ڵ 29 دۆسیه و 13 تۆماری دیكه بۆ جه‌زائیر بگه‌ڕێندرێنه‌وه.
فه‌ره‌نسا بۆ ماوه‌ی 132 ساڵ و له‌نێوان ساڵانی 1830 بۆ 1962 خاكی جه‌زائیری داگیر كرد و وه‌ك كۆڵۆنی خۆی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌كرد، هاوكات میر عه‌بدولقادر جه‌زائیری، كه سه‌ركردایه‌تی به‌ره‌ی به‌رگری كۆڵۆنیالیزمی ده‌كرد، به لای جه‌زائیرییه‌كان سێمبۆڵی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تی نوێی جه‌زائیر و پاڵه‌وانی بزاڤی رزگاری گه‌لی جه‌زائیره دژ به كۆڵۆنیالیزمی فه‌ره‌نسی.