له‌سه‌ر فه‌رمانی مه‌سرور بارزانی نرخی کارەبای ناوچە پیشەسازییەکان و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون كه‌مده‌كرێته‌وه‌

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان

K24 – هەولێر:

حکومەتی هەرێمی کوردستان نرخی کارەبای ناوچە پیشەسازییەکان و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون کەمدەکاتەوە.

دوای وەرگرتنی گلەیی و گازندەی بەشێك لە هاووڵاتییان و کاسبکاران کە لە رێگەی کوردستان24ـەوە، بە لایەنی پەیوەندیدار گەیەندرا، لەسەر فەرمانی مەسرور بارزانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاردرا بە داشکاندنی نرخی کارەبای نیشتمانی ناوچە پیشەسازییەکان و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون.

بەرگەشت ئاکره‌یی گوتەبێژی دەستەی وەبەرهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، بڕیاری داشکاندنی نرخی کارەبای نیشتمانی بە رێژەی سەدا 12ـە دەبێت و ئەمەش دوای بەدواداچوون و هەڵسەنگاندن بۆ دۆخی کارەبای ناوچە پیشەسازیی و پڕۆژەکانی نیشتەجێبوون دێت و بڕیارەکەش لە سبەیەوە (چوارشه‌ممه‌ 29ـی تشرینی دووه‌می 2023)  دەکەوێتە بواری جێبەجێکردن.

پێشتریش وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان روونکردنەوەیەکی بڵاوکردبووه‌وه‌ تێیدا هاتبوو، وەزارەتی کارەبا لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژکاریی خۆیدا، بەپێی ئەو دەسەڵاتەی لە یاسای ژمارە (6)ی ساڵی 2021 ماددە (4)ـی بڕگەی (4)ـی ئەنجوومەنی وەزارەت پێی دراوە، دەتوانێت بە رەچاوکردنی بارودۆخی هاووڵاتییان پێشنیاز لەسەر کەمکردنەوە یان زیادکردنی پاڵپشتیی حكومەت بۆ نرخی کارەبا بکات.

لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، وەزارەتی کارەبا پێشنیاز بۆ ئەنجوومەنی وەزیران كردووه‌ نرخی کرێی کارەبای 24 کاتژمێری ستییەکان و کارگەکانی پیشەسازی هەموار بکرێتەوە و بارودۆخی گوزەرانی هاووڵاتیان و کارگەکانی پیشەسازی لەبەر چاو بگیرێت.