هه‌ڤپه‌یڤینی كوردستان24 له‌گه‌ڵ فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن له‌ عێراق

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ بۆ کوردستان24 قسەدەکات
فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ بۆ کوردستان24 قسەدەکات

K24 - هەولێر:

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ، باڵیۆزی ژاپۆن له‌ عێراق له‌ هه‌ڤپه‌یڤینێكی تایبه‌ت له‌گه‌ڵ كوردستان24ـدا كه‌ له‌لایه‌ن حاكم فه‌رهاده‌وه‌ ئه‌نجام دراوه‌، تیشك ده‌خاته‌ سه‌ر په‌یوه‌ندییه‌ مێژوویی، هه‌نووكه‌یی و ئایینده‌ییه‌كانی نێوان وڵاته‌كه‌ی و كورد و هه‌رێمی كوردستان. هاوكات سه‌رنج ده‌خاته‌ سه‌ر ئابووری هه‌رێمی كوردستان و پێی وایه‌ ده‌بێت پشتبه‌ستنی هه‌رێمی كوردستان بۆ له‌مه‌ودوا به‌ كه‌رتی تایبه‌ت بێت و شۆڕشێك له‌ بیركردنه‌وه‌ی كلاسیكی گشتیدا بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی خۆی له‌گه‌ڵ سیسته‌می نوێی جیهانی بگونجێنێت و به‌ ته‌نیا چاو نه‌خاته‌ سه‌ر رۆڵی حكومه‌ت له‌ دابینكردنی خزمه‌تگوزارییه‌كان، به‌ڵكو كه‌رتی تایبه‌ت له‌م نێوه‌نده‌دا بێته‌ زیاتر بێته‌ پێشه‌وه‌ و پشتی زیاتری پێ ببه‌سترێت.

كوردستان24: بەڕێز باڵیۆز با لە پرسیارێکی زۆر باوەوە دەستپێبکەم، ئاسایش و سەقامگیری کوردستان چۆن دەبینیت؟

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ: لە راستیدا چەندین ساڵە چاودێری دۆخی کوردستان دەکەم، چونکە یەکێکم لەو کەسە شارەزایانەی لە وەزارەتی دەرەوەی ژاپۆن لەسەر ئەم ناوچەیە کار دەکەم. لە راستیدا ئێوە رێگەیەکی دوورتان بڕیوە، چونکە 30 ساڵ 40 ساڵ لەمەوبەر ئێوە هیچتان نەبوو. سەرکوت دەکران و ئازادیتان نەبوو. دوای ئەو 30 ساڵە، ئێستا خۆشگوزەرانیتان هەیە، سەقامگیریتان هەیە. بەدڵنیاییەوە هەندێک کێشەتان هەیە، بەڵام بەدڵنیاییەوە خەڵکی لێرە، بەتایبەتی سەرکردایەتی دەزانن چۆن ئەو کێشانە چارەسەر بکەن و منیش زۆر پشتیوانم.

كوردستان24: با ئەم پرسیارەت لێ بکەین، ئەم پرسیارە بۆ ئێمە وەک کورد زۆر گرنگە. لە جەنگی دووه‌می جیهانیدا کاتێک هێرۆشیما و ناکازاکی بە چەکی ئەتۆم بۆمباران کران، ساڵی 1988ـیش عێراق کیمیابارانی شاری هەڵەبجەی کرد، لەوساوە ئێمە بە هەڵەبجە دەڵێین "هەڵەبشیما"، چی لەبارەی ئەم وشەوە دەڵێی، کە ئێمە لە هێرۆشیماوە وەرمانگرتووە و پێی دەڵێین هەڵەبشیما؟

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ: ئەمە زۆر سەرنجڕاکێشە! لە راستیدا من سەردانی هەڵەبجەم کردووە، دوو مانگ لەمەوبەر، هەروەها سەردانی شەقامی هێرۆشیمام کرد لە شاری هەڵەبجە. سەرم سوڕما بەو لێکچوونەی خەڵکی هەڵەبجە، پەیوەست بە هێرۆشیما و ناکازاکی. پێموایە دەبێ ئێمە مێژووی خۆمانمان لەبیربێت، ئەوه‌ تراژیدیایه‌ بەسەرماندا هاتووه‌، بۆیە ئەوە نابێت دووبارە بێتەوە. ئەمە جۆرێکە لە وانەی مێژوویی. دەبێ خەڵکی ژاپۆن و کوردستان لەم وانە مێژوویی و تراژیدیانەوە فێربن.

كوردستان24: با ئەم پرسیارەشت لێبکەم، خەڵکی کوردستان بەبەراورد بە رۆژئاوا و رۆژهەڵات، ئێوە لەرێگەی ئۆتۆمبێلەکانتانەوە دەناسنەوە، ئەگەر سەیری شەقامەکان بکەیت پڕیەتی لە ئۆتۆمبێلی ژاپۆنی، پرسیارەکە ئەوەیە ئایا دەتانەوێت بەشێوەیەک پەیوەندی کولتووریش لەگەڵ گەلی کورد و کوردستان دروست بکەن؟

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ: دەزانی، شێوازی پرسیارەکەت زۆر سەرنجڕاکێش بوو بەلامەوە، ئەوەی باسی ئۆتۆمبێلی ژاپۆنیت کرد و دواتریش پەیوەندی کولتووری، لەراستیدا ئەم دوو شتە پێکەوە بەستراونەتەوە، چونکە خەڵکی لێرە، وێنەیەکی جوانیان لە بەرهەمە ژاپۆنیەکان بۆ دروستبووە، ئەوەش بەرهەمی ئەو کۆمپانیانەیە لێرە لە عێراق بوونیان هەبووە هەر لە ساڵانی حه‌فتا و هه‌شتاكانه‌وه‌. بۆیە هەر شتێک کۆمپانیا ژاپۆنیەکان دەیهێننە ئەم وڵاتە بە هەرێمی کوردستانیشەوە، لەوانەیە جۆرێک لە پەیوەندی و بیرەوەری هەبێت لەگەڵ خەڵکی ئەم وڵاتە، بۆ نموونە ئۆتۆمبێلی تۆیۆتا کە لێرە لە کوردستان زۆر هەیه‌، ئەمە رۆحیەتی ژاپۆنی لێرە پەرەپێدەدەن، لەرێگەی راهێنان بە کارمەند و ستافەکانیانەوە. هەروەها گەیاندن و بڵاوکردنەوەی کولتووری ژاپۆنی، ئەگەر سەردانی پێشانگای تۆیۆتا بکەیت، من لەراستیدا مانگی رابردوو سەردانم کرد، بەڵام هەست بە بوونی رۆحیەتی ژاپۆنی دەکەیت لەوێ، بەشێواز و رێکخستنێکی ژاپۆنیانە، بۆیە پێشنیاز دەکەم ئێوەش سەردانی ئەو پێشانگایە بکەن. بۆئەوەی چێژ ببینیت لە ژاپۆن ببینیت، وەک بڵێی سەردانی ژاپۆنت کردووە.

كوردستان24: زۆر باشە، ژاپۆن پڕۆژەیەکی هەیە بۆ دروستکردنی قوتابخانە لە هەموو عێراق، لە پلانتاندا هەیە لە کوردستانیش قوتابخانە دروستبکەن؟

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ: رێکخراوێکی ناحکومی ژاپۆنی بەناوی ئای ڤی، زیاتر لە 30 قوتابخانەی دروستکردووە، بەتایبەتی لە دەورووبەری هەولێر، زۆربەیان بۆ منداڵی ئەو ئاوارانە دروستکراون لە نەینەواوە هاتوون، دوای ئەوەی داعش ناوچەکانیانی داگیر کرد، خۆت دەزانی ئەوکات ژمارەیەکی زۆر ئاوارە لەو ناوچانەوە روویان لە هەولێر کرد. بۆیە رێکخراوە ناحکومییەکانی ژاپۆن چاویان لەو منداڵانە بووە و زۆر قوتابخانەیان بۆ دروستکردوون. بۆ ساڵی داهاتوو ئەم رێکخراوە ناحکومییە قوتابخانە بۆ منداڵانی کوردستانیش دروستدەکات، دەمەوێت ئاگاداربن ئەو رێکخراوە ناحکومییانەی ژاپۆن کاری زۆر دەکەن لەبواری پەروەردە و بەلامانەوە گرنگە شێوازی پەروەردەی ژاپۆنی بناسێنین. من پێش ئەوەی لە بەغداوە بێمە هەولێر، پێشوازیم لە ژمارەیەک پرۆفیسۆر و شارەزای ژاپۆنی کرد، باسیان لە ستایل و شێوازی پەروەردەی ژاپۆنی کرد، بۆیە لەم بوارەشدا دەرفەت و توانای زۆر هەیە.

كوردستان24: ئێوە باستان لە پەروەردە کرد، ئایا بەنیازن کورسی خوێندن بدەنە قوتابیانی کورد لە ژاپۆن؟

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ: ساڵانە ئێمە کورسی خوێندنی تەرخانکراومان هەیە لەلایەن حکومەتی ژاپۆنەوە بۆ قوتابیانی عێراق بەگشتی و لەناویشیاندا بۆ قوتابیانی کوردستان، بەڵام ژمارەکە زۆر سنووردارە، ئێستا چوار کورسی هەیە، بەڵام ساڵانە بەلایەنی کەمەوە قوتابیەک دەتوانێت بچێتە ژاپۆن و بخوێنێت، ئینجا خوێندنی ماستەر بێت یان دکتۆرا. لە 10 ساڵی رابردوو، دەتوانم بڵێم نزیکەی 50 قوتابی عێراقی چوونەتە ژاپۆن، بەدڵنیاییەوە ئەوە بەس نیە، بۆیە زۆرم پێخۆشە ببینم قوتابی زیاتری کورد بێنە ژاپۆن. زۆر کورسی خوێندنی جیاوازیش هەبوون لەلایەن زانکۆکانەوە تەرخانکراون لە ژاپۆن. من لە راستیدا هانی قوتابیان و گەنجانی کوردستان دەدەم سەیرێکی ئەو زانیاریانە بکەن، چونکە لەو رێگەیەوە دەکرێ ژمارەیەکی زیاتر قوتابی و گەنجی کورد بێنە ژاپۆن. من خۆم سەردانی زانکۆکانم کردووە لێرە، بۆ نموونە له‌و رۆژانه‌ وانەیەک دەڵێمەوە لە زانکۆی کوردستان. هەموو هەوڵی خۆم دەدەم بۆ ناساندنی زانکۆ ژاپۆنییەکان بە قوتابیانی کورد.

كوردستان24: ژاپۆن وەبەرهێنانی لە زۆرێک لە وڵاتان کردووە لە هەموو جیهان، ئایا لە بەرنامەی کارتاندا هەیە لەبواری کشتوکاڵ و پیشەسازی لە هەرێمی کوردستان وەبەرهێنان بکەن؟

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ: سوپاس بۆ پرسیارەکەت، بابەتێکی گرنگ و فراوانە، یەک کاتژمێرم بدەرێ بۆئەوەی وەڵامت بدەمەوە. ئەگەر بە کورتی بیڵێم، لە کوردستانیش زۆر وەبەرهێنانمان کردووە، بۆ نموونە ئەمساڵ وێستگەی هایدرۆکارەبایی دێرەلووکمان دروستکرد، ئەمە وێستگەیەکی گەورەی کارەبایە. ئێستاش لە راوێژداین لەگەڵ هەولێر و بەغدا بۆ تەرخانکردنی پارە بۆ پرۆژەی ئاوی پیسی هەولێر، ئەمەش بەهەمانشێوە پرۆژەیەکی گەورەیە، ئێوەش کێشەی چارەسەری ئاوی پیستان هەیە بەدیاریکراوی، ئێمە دەمانەوێت پارەی بۆ تەرخان بکەین، بەڵام ئێوە پێویستە بوودجەتان لە بەغدا وەربگرن، ئەمە پرسیارەکەیە، من داوا لە سەرکردایەتی ئێوە دەکەم گفتوگۆ لەگەڵ بەغدا بکات لەسەر ئەمە. هه‌روه‌ها زۆر کارمان کردووە لە هەولێر و سلێمانی و هەڵەبجەش بۆ دابینکردنی ئاو. باسی کشتوکاڵت کرد، ئێستا ئێمە دەمانەوێت شارەزای بواری کشتوکاڵ بهێنین بۆ سەنتەری لێکۆڵینەوەی کشتوکاڵی کوردستان لە هەولێر بۆئەوەی بزانێت چ جۆرە بەرهەمێکی کشتوکاڵی گونجاوە بۆ هەناردەکردن لە کوردستانەوە بۆ دەرەوە؟ بۆ نموونە ئەمە هەماهەنگی تەکنیکییە. لە بەغداش ئێستا ئێمە شارەزامان هەیە بۆئەوەی لەبارەی شێوازی بەکارهێنانی ئاو بۆ ئاودانی کشتوکاڵی بەشێوەیەکی گونجاو کاریان لەگەڵ بکات، ئێستا زیاتر چاویان لەسەر باشووری عێراقە. بۆیە دەکرێت شێوازی ئاودانی کشتوکاڵی ئەوەی لە ژاپۆن بەکاردێت، لێرەش سوودی لێوەربگیرێت بەتایبەتی لە کوردستان.

كوردستان24: بەڕێز باڵیۆز، زۆر بەڕێز سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی، هەر لەسەرەتای کابینەکەیەوە رایگەیاند، پێویستە ئابووریمان بنیادبنێینەوە، لە کشتوکاڵ و پیشەسازییەوە دەستیپێکرد، بۆئەوەی بەتەنیا پشت بە نەوت نەبەسترێت، چۆن لەم سیاسەتە دەڕوانیت؟

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ: ئەم سیاسەتە زۆر باشە، سەرەکیترین ئامانجی ستراتیژی بۆ کوردستان و لەوانەیە بۆ عێراقیش ئەوەیە، چۆن بتوانن لە ئابوورییەک کە کەرتی گشتی پشت بەستووە بە نەوت، بیگۆڕن بۆ ئابوورییەک پشتی بە کەرتی تایبەت بەستبێت؟ ئێوە پێویستتان بە شارەزایی و زانیارییەکی زۆر هەیە بۆئەوەی ئەم سیستەمە ئابوورییە بگۆڕن بۆ سیستمێکی نوێ. بۆئەوەی بگەن بەوە، پێموابێت گرنگە تێگەیشتن و دنیابینی خەڵکی بگۆڕن، چونکە ئێستا هەمووان وابیردەکەنەوە کە حکومەت کاریان پێدەدات. هیچ پارەیەکیش نادەن لە بەرامبەر خزمەتگوزارییە گشتیەکان، بەڵام لە راستیدا لە ژاپۆن کە ئێمەی لێدەژین، تۆ پارەی خرمەتگوزارییە گشتیەکان دەدەی، لەرێگەی کارکردنێکی زۆرەوە پارەی خۆتت دەستدەکەوێت، بەلایەنی کەمەوە رۆژانە دەبێت هەشت کاتژمێر کار بکەیت. بۆئەوەی ئەم گۆڕانکارییە بکەن، پێویستە خەڵکی بیرکردنەوە و تێگەیشتنی بگۆڕدرێت. دەبێ بەشێوەیەکی زۆر کاریگەر و رێکخراو کاربکەن، بۆئەوەی بەها بدەنە ئیشەکەتان و ئابووری وڵاتەکەتان. ئەمەش پێویستی بە جۆرێک لە شۆڕش هەیە لەبیرکردنەوەتاندا. من بەمشێوەیە دەیبینم. پێموایە ئەگەر کۆمپانیای زیاتر ژاپۆنی بهێننە هەرێمەکەتان، ئەمەی باسمکرد بەشێوەیەکی سروشتی روودەدات. لەگەڵ ئەوەشدا خەڵک رژدتر بیردەکەنەوە، لەبارەی ئەوەی کارەکان چۆن دەبێ ئەنجام بدرێن لە ئابوورییدا پشتی بە کەرتی تایبەت بەستبێت؟ پێموابێت ئەمەش پێویستی بە جۆرێک لە بە ئاگا هاتنەوە و شۆڕشە.

كوردستان24: بەڕێز باڵیۆز ئێوەش پێویستە هانی ژاپۆنییەکان بدەن بێنە کوردستان، ئینجا بۆ وەبەرهێنان بێت یان ئەگەر تەنیا بۆ سەردان و بینینی کوردستان بێت، ببینن کوردستان سەقامگیر و ئاسایش وسەلامەتیشە؟

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ: خاڵێکی زۆر باشە، منیش ئێستا هەمان کاردەکەم، بەڵام پێویستم بە هاوکاری زیاتر لەلایەن ئێوەوە، لەلایەن خەڵکی کوردستانەوە.

كوردستان24: چۆن؟

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ: بۆچی کورد سەردانی ژاپۆن ناکەن؟ بۆئەوەی پەیوەندی لەگەڵ خەڵکی ژاپۆن دروست بکەن؟ کوردستان سەقامگیر و ئاسایش و سەلامەتە و ئابوورییەکی باشتان هەیە و هتد، بەڵام کەس نایەت بۆ ژاپۆن، زۆر کەم سەردان دەکەن.

كوردستان24: راستە، ئەمە خراپە.

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ: "من دەتوانم ڤیزاتان پێبدەم و سەردانی ژاپۆن بکەن. کاتێکی خۆش بەسەربەرن و وەبەرهێنانیش بکەن لە ژاپۆن." بۆیە ئەمە پرۆسەیەکی دوو لایەنەیە. بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق و بازرگان و سیاسییەکان، ژاپۆن لێرە وەبەرهێنان دەکات، لەهامانکاتدا منیش داواتان لێدەکەم بێن بۆ ژاپۆن.

كوردستان24: راستە، لەکاتێکدا کە ئێمە ئەم چاوپێکەوتنە دەکەین ململانێیەکی زۆر هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەراست، چۆن هەوڵدەدەن یان چۆن داوایان لێدەکەن بۆ راگرتنی ئەم شەڕ و بۆمباران و کوشتارە، چونکە نزیکە 14 هەزار کەس کوژراون. دەتەوێت چی بەهەردوولایەن بڵێی بۆئەوەی ئەم شەڕ و ململانێیە راگرن؟

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ: بۆ ئەم پرسیارە پێش هەموو شتێک دەبێ بۆچوونی خۆم دەرببڕم زیاتر لە هەموو شتێک، دڵم ژان دەکات. دەزانی، یەکەم کاری دیپلۆماسیم پەیوەستبوو بە غەززەوە لە نەوەتەکان. من کاری پیشەیی خۆم لە ساڵی 1992 لە قاهیرەوە دەستپێکرد. نیوەی کار و ئەرکم ئەوکات پەیوەندی بە پرۆسەی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەراستەوە هەبوو. ژاپۆن بەشداربوو لە پرۆسەی هەمەلایەنەی ئاشتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەگەڵ بەخشەرە نێودەوڵەتییەکانی دیکە. من خۆم لە غەززە بووم. بەتایبەتی لە کۆتایی نەوەتەکان. بەتایبەت بۆ هاوکاریکردنی بنیادنانەوەی غەززە و کەرتی رۆژئاوا، لە رێگەی دابینکردنی هاوکارییەكانی ژاپۆن. وێنەم هەیە لەگەڵ سەرۆک عەرەفات، سەرۆکی دەسەڵاتی فەڵەستین، پێکەوە وێنەمان لە ناوەڕاستی غەززە گرتووە، بۆیە هیوایەک هەبوو لەوکاتەدا، 30 ساڵ لەمەوبەر، ئێستا ئیتر ون بوو، کەس باسی پرۆسەی ئاشتی رۆژهەڵاتی ناوەراست ناکات، هیچ کەس، بۆچی؟ چونکە مرد. لەبەر چەند هۆکارێک، هەردوو کۆمەڵگەی فەڵەستینی و ئیسرائیلی بەرەو توندڕەویی چوون، هیچ جۆرە هەستێکی ئاشتەوایی و ئامانجی هاوبەش بۆ ئاشتەوایی نەما. بۆیە زۆر زەحمەتە بە یەک وشە بڵێیت دەبێ چی بکەین؟ بەڵام ئێستا ئاستی هاوخەمیی بۆ هەردوولا زۆر بەرزە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، بەڵام ئێمە دەبێت، بگەڕێینەوە یان بەدوای هۆکارەکاندا بگەڕێین بۆئەوەی ئاشتی بەدیبهێنین. دەبێ هەردوولا بیربکەنەوە، بەهاوکاری و پشتیوانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی باشترین شت چییە بۆیان؟

كوردستان24: باست لە پرۆسەی ئاشتی کرد لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەم ئاشتیەش بۆ گەلی کورد زۆر گرنگە، وەک دەزانن زیاتر لە 40 ملیۆن کورد هەیه‌ بەبێ بوونی دەوڵەت و سەربەخۆیی. بە بۆچوونی ئێوە باشترین چارەسەر بۆ دۆزی کورد چییە؟ چونکە وەک دەزانن تەنیا کێشەی فەڵەستین و ئیسرائیلمان نییە، بەڵکو دۆزی کوردیش هەیە، بۆچوونی جەنابتان چییە و باشترین چارەسەر بۆ پرسی کورد چییە؟

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ: بەدڵنیاییەوە دوو پرسی جیاوازە، سەبارەت بە پرسی فەڵەستین، بەدڵنیاییەوە ئێمە پشتیوانی لە چارەسەری دوو دەوڵەت دەکەین. بەڵام لە کەیسی کوردستان، بەدڵنیاییەوە تاکە چارەسەر فێدراڵیزمە. من تێدەگەم هەرێمی کوردستان دەیەوێت زیاتر سیستمەکە لە بەغداوە ناوەندگەرا نەبێت بۆ هەموو عێراق. بۆیە دەبێ ئەم پرسە لەنێوان بەغدا و هەولێر راوێژ و گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بێگومان بەئاشتیانە و زۆریش بە پشوو درێژییەوە. لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ئەوەش زیاد بکەم لەم پرۆسە سیاسییەدا، پێموایە بیروڕاگۆڕینەوەی خەڵک زۆر گرنگە، من باش لەوە دەگەم، بۆ نموونە ئەگەر باسی زمان بکەین، گەنجانی کوردستان لەوانەیە نەتوانن بە عەرەبییەکی باش قسە بکەن وەک ئێوە، لەوانەیە زۆرینەی عەرەبەکانیش کوردی نه‌زانن. ئەمە باش نییە، بۆ وڵاتێکی فێدراڵ و راستەقینە. فێدراڵی پێویستی بە تێگەیشتنێکی قووڵ هەیە. لەنێوان دوو هەرێم یان زیاتردا، چونکە ئەمە وڵاتێکە جۆرێک لە فرە پێکهاتە و فرە ئایینی تێدایە. پێویستتان بە کار و هەوڵێکی زۆرە بۆئەوەی وەک وڵاتێکی فێدراڵ بمێننەوە. مەبەستم لە هەردوولایه‌، ئه‌مه‌ش نەک تەنیا لەسەر ئاستی سیاسی بەڵکو لەسەر ئاستی ئابووری و کولتووری و ئەکادیمی. پێویستتان بە میکانیزمێکی چالاک و باش هەیە، بۆ پاراستنی پرەنسیپەکانی فێدراڵی، بەڵام پێموایە ئێستا ئەوە وەک پێویست نەکراوە، بۆیە من هانتان دەدەم بۆ دەستپێکردنی پرۆسەیەکی چالاک و ئاشتییانە بۆ بەردەوامیدان و هێشتنەوەی ئەم پرۆسەیە. مەبەستم لە هەردوولایه‌ ئەگەر نا زۆر زەحمەت دەبێت.

كوردستان24: لە ئۆکتۆبەردا ئێوە بە کوردستان24تان راگەیاند قوتابخانەیەکتان بۆ خەڵکی شنگال لەناو شنگال دروستکردووە، بەڵام بەداخەوە لەلایەن پەکەکەوە داگیرکراوە. پرسیارەکەم ئەوەیە، ئایا هێشتا پەکەکە ئەو قوتابخانەی داگیرکردووە؟ و ئایا ئێوە پشتیوانی لە جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراقی دەکەن؟

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ: بەڵێ، ئەو رێککەوتنە لەلایەن هەمووانەوە واژۆی لەسەر کراوە، ئێمەش زۆر پشتیوانی لە جێبەجێکردنی دەکەین، بەڵام کاتێکی زۆری پێچوو. لەبارەی قوتابخانە ژاپۆنییەکەوە، هەمان رێکخراوی ناحکومی ئەو قوتابخانەی دروستکرد، ئای ڤی، زیاتر لە ساڵێک لەمەوبەر، هێشتا لەلایەن ئەو هێزانەوە داگیرنه‌كرابوو، ئەوانەی ناوی خۆیان ناوە یەپەشە، كه‌ پێموایە بەشێکن لە پەکەکە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی زیاتر لە هەزار منداڵی ئێزدی دەرفەتی پەروەردە و خوێندنیان لەدەستبەچێت. بەراستی حکومەت و ئەو رێکخراوە ناحکومییەی ژاپۆن زۆر رژد بوون لەم پرۆژەیە و دەیانەویست خزمەتگوزاری پەروەردە بۆ زیاتر لە هەزار منداڵی ئێزدی دابین بکەن لە شنگال، بەڵام بەهۆی داگیرکردنی قوتابخانەکە لەلایەن ئەو هێزانەوه‌ بۆ پەروەردە و خوێندن بەکارنەهات. ژمارەشیان زۆر کەمە، نازانم بۆ ئەمە روویدا، خەڵکی ژاپۆن و ئەوانەی باج دەدەن بە حکومەتی ژاپۆنی، لەم شتە تێناگەن؟!

من دەبێ لەو دۆخە ئاڵۆزە تێبگەم، بەڵام من ناتوانم رێگە بدەم ئەمە درێژە بکێشێت، چونکە ئەرکی منە ئەمە بۆ باجدەران و هاووڵاتییانی ژاپۆنی روون بکەمەوە، چونکە ئەگەر ئەم قوتابخانەیە بۆ ئەوە مەبەستەی کە پێدانی دەرفەتی خوێندنە بە زیاتر لە هەزار قوتابی لە شنگال، ئەوکات من دەکەومە بەر رەختە و لۆمەی خەڵکی ژاپۆن، کە بۆچی رێگەم داوە ئەمە بۆ ماوەیەکی درێژ بەردەوام بێت؟ بۆیە من داوا لە حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراق و هەمووان دەکەم لە شنگال، بۆچی ئەم کێشەیە چارەسەر ناکەن؟ من نامەوێت لەو کێشە قورس و ئاڵۆزانەدا دەستێوەردان بکەم، بەڵام ساڵێک زیاتر خەڵک و رێکخراوێکی ناحکومی ژاپۆنی کاریان کردووە و ویستوویانە دەرفەتی خوێندن و پەروەردە بۆ زیاتر لە هەزار قوتابی ئێزدی بڕەخسێنن. بۆچی وەک خۆی جێبەجێ نەکراوە و رێگە نەدراوە؟

كوردستان24: ئەمە پرسیارێکی زۆر گرنگە، چونکە من باسی دیسپلینم کرد لە ژیانی ئێوەدا، چۆن کولتووری ژاپۆنی دەهێننە کوردستان و بە پێچەوانەشەوە چۆن دەتوانن کولتووری کوردی بگوازنەوە بۆ ژاپۆن؟ با وابڵێین چۆن هەوڵ دەدەن ئەم دوو کولتوورە لەگەڵ یەکدی تێکەڵ بکەن؟

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ: ئێوه‌ کولتووری پێشمەرگایەتیتان هەبووە، رۆژانێک خەباتتان کردووە، بەڵام لەوانەیه‌ ماوەیەکی زۆره‌ بێت وازتان له‌ شەڕ هێنابێت. هه‌روه‌ها ئێمەش کولتوور و مێژوویەکی دێرینمان لەگەڵ ساموورای هەیە، ئێمەش هێشتا رۆحیەتی سامورایمان لە دڵ و دروونماندا پاراستووە، هەندێک جاریش لەوانەیە لەلایەن باوباپیرمانەوە بە بیرمان دەهێنرێتەوە و بەگوێماندا دەچرپێنن، دەبێت هەندێک جار کە دەبێ چۆن هەڵسوکەوت بکەین، هەروەها ئێمە دەڵێین هەموو کات داپیر و باپیرت سەیرت دەکەن، کە ماوەیەکی زۆرە ژیان ئاواییان کردووە، بەڵام لە پشتەوە سەیرت دەکەن و پاڵپشتیت دەکەن، مه‌به‌ستم له‌لایه‌ن رووحیه‌كه‌یه‌، بۆیە تۆ ناتوانی لەژیانتدا کاری هەڵە بکەیت.

كوردستان24: قه‌باره‌ی بازرگانی ژاپۆن له‌گه‌ڵ عێراق چه‌نده‌؟

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ: لەراستیدا ئەو قەبارەیە زۆر جێگەی نائومێدییە بۆ من، هەناردە لە عێراقەوە بۆ ژاپۆن زۆر کەمە، نزیکەی 300 هەزار دۆلارە. لەکاتێکدا هەناردەی ژاپۆنی بۆ عێراق هەرچەندە هێشتا کەمە بەڵام 600 ملیۆن دۆلارە. ئەمە بۆ یەک ساڵ واتە بۆ ساڵی رابردوو ئەمە زۆر کەمە. ئێمە نەوت لە عێراقەوە هاوردە ناکەین ئەمە سەرنجڕاکێشە، لەوانەیە نه‌تانزانیبێت! ته‌نانه‌ت ساڵی رابردوو سفر بووە. بەدڵنیاییەوە کۆمپانیا نەوتییەکانی ژاپۆن پشکیان هەیە، لە باشووری عێراق، دوو لەو کۆمپانیانە لە عێراقەوە نەوت دەبەن، بەڵام بە وڵاتانی دیکەیان فرۆشتووه‌. واتە ئەو نەوتەیان نەبردووەتە ژاپۆن، وڵاتەکەتان زۆر کەلوپەلی هەناردەکردن بەرهەم ناهێنێت، یان زۆر کەمە، بۆیە ئەو بەرهەم و کەلوپەلانەی ئێوە لە ژاپۆنەوە هاوردەیان دەکەن ئۆتۆمبێلە، وەک تۆیۆتا و ئەوانی دیکە، هەروەها بۆری مەبەستم بۆری نەوت بۆ کێڵگەکانی نەوت. بۆ کەلوپەلی بەرهەمی دیکە زۆر بەکەمی هاوردە دەکەن، ئێمە دەبێت ئەم ژمارەیە و قەبارەیە بەرزتر بکەینەوە، ئەوەش بە هەماهەنگی دوولایەنە رووده‌دات.

كوردستان24: سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی رایگەیاند، بەهۆی کاریگەری گۆڕانکارییەکانی کەشەوهەواوە، دەیانەوێت کار لەسەر وزەی خاوێن بکەن، پێموایە ژاپۆنیش زۆر ئەزموونی لەم بوارەدا هەیە، ئێوە چۆن دەتوانن هاوکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان بکەن لە بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن؟

فوتۆشی ماتسۆمۆتۆ: ئێمە ئێستا لەگفتوگۆداین لەبارەی هەندێک پرۆژە لە رێگەی جایکا و وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستانەوە لەبارەی چۆنیەتی بەکارهێنانی فۆتۆڤۆڵتایک، بۆ بەرهەمهێنانی وزەی خاوێن، ئەمە یەکێکە لە پڕۆژەکان. دەبێت بیر لە هەماهەنگی بەهێزتر بکەینەوە لەبارەی بەرهەمێنانی وزەی سەوز، ئەوەی لەگەڵ زۆرێک لە وڵاتانی کەنداو هەمانە، بەڵام لە عێراق و کوردستان زۆر کەمە. دەبێت لەم بوارەدا هەنگاو و رێکاری نوێ هەبن، ئەگەرنا هەندێک دوا دەکەون، هەر چۆنێک بێت ئێمە ئامادەین هەتا ئەو رادەیەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئامادەبێت هاوکاری بین.