سەباح سوبحی: وەزیری دارایی عێراق ناتوانێت رێگری لە ناردنی سێ 700 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێم بکات

سەباح سوبحی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق
سەباح سوبحی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق

K24 – هەولێر:

ئەندامێکی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، رایدەگەیەنێت؛ هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان رەوانە دەکرێت. ناوبراو لە بارەی یاسای بودجە دەڵێت: دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق یاسای بودجە هەموار دەکرێتەوە. سەباح سوبحی سەبارەت بە یاسای نەوت و گاز گوتی: رەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز رەتدەکەینەوە.

سەباح سوبحی، ئەندامی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، لەمیانەی بەشداریکردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی کوردستان24 کە ژینۆ محەممەد پێشکەشی دەکات، لەبارەی سەردانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق لەسەر ناردنی سێ 700 ملیار دینارەکە رایگەیاند، کۆبوونەوەکانی نێوانیان ئەرێنی بوون و گەیشتوونەتە لێکتێگەشتنێک و پێشنیازەکانی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەرز دەکرێنەوە بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، هەروەها هەفتەی داهاتوو 700 ملیار دینار بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.

ناردنی سێ 700 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان

ئەو ئەندامەی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، کە گەشبینە بەوەی تا رادەیەکی زۆر رەزامەندی هەیە لەسەر ناردنی ئەو سێ 700 ملیار دینارە بۆ هەرێمی کوردستان بۆ سێ مانگی کۆتایی ساڵ، لەبەر چەند هۆکارێک، یەکەمیان؛ ئاڵۆزی بارودۆخی سیاسی لە عێراق، ئاڵۆزییەکی زۆری پێوە دیارە. دووەمیان؛ پێشنیازەکەی شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان کە لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق باس دەکرێت و دەخرێتە دەنگدانەوە، "بڕوام وایە زۆرینە رازی دەبن لەسەر ناردنی ئەو پارەیە و تەنیا دوو بۆ سێ وەزیر لە ناردنی ناڕازین".

هەڵوێستی وەزیری دارایی عێراق لەسەر ناردنی سێ 700 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان

سەباح سوبحی گوتی: وەزیری دارایی حکومەتی عێراق هەردەم ناڕازییە لەسەر پێشنیازەکان و هیچ کاتێک لەگەڵ ئەوەدا نییە پارە بۆ هەرێمی کوردستان بنێردرێت، بەڵام ناڕازیبوونی ئەو ناتوانێت ببێتە رێگر لەبەردەم ناردنی سێ 700 ملیار دیناری دیکە بۆ هەرێمی کوردستان. باسی لەوەشکرد، هەندێک لە وەزیرەکانی دیکەش ناڕازین لەسەر ناردنی ئەو پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان، بەڵام رازینەبوونی ئەم چەند کەسە نابێتە رێگر لەبەردەم ناردنی ئەم پارەیە بۆ هەرێمی کوردستان.

هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق

ئەو ئەندامەی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان تاکە لایەنە بەرگری لە دۆزی کورد دەکات و ئێمە لە هەردوو پارێزگای کەرکووک و نەینەوا کێبركێی ئەوە دەکەین کە زۆریترن دەنگ بەدەست بهێنین، بەڵام لەناوەڕاست و باشووری عێراق دەتوانین سوود لەو ناکۆکییانە وەربگرین بە تایبەتی سەدر لەگەڵ لایەنەکانی دیکە، کە داوای لە لاینگرانی کردووە کە نەچن بۆ هەڵبژاردن، ئەمەش مانای وایە بەشێکی زۆر لە هاووڵاتییانی بەغدا ناچنە هەڵبژاردن، ئێمەش دەتوانین سوود لەو ناکۆکییانە ببینین و وەک ئەکتەرێکی گرنگ هەلەکە لە بەرژەوندی خۆمان بقۆزینەوە.

هەموارکردنەوەی یاسای بودجە

سەباح سوبحی گوتی: هەموو یاسایەک کە لە پەرلەمان دەردەچێت دەکرێت هەموار بکرێتەوە، یاسای بودجەش وەک هەر یاسایەکی دیکە توانای ئەوەمان هەیە دەستکاری بکەین، بەڵام دەبێت بە رێککەوتن ئەو کارە بکرێت.

گوتیشی: بۆ ئەوەی کێشەکانمان چارەسەر بکرێت دەبێت هەوڵبدەین ئەو یاسایە هەموار بکەینەوە، هەروەها رێککەوتن کراوە بۆ ئەوەی یاسای بودجە هەموار بکرێتەوە، لە هەمان کاتیشدا هەندێك لایەنی دیکەش هەیە دەیانەوێت دەستکاری یاسای بودجە بکەن، بۆ ئەم مەبەستەش ئێمە دەتوانین ئاڵوگۆڕی بەرژەوندییەکانمان بکەین لەگەڵ لایەنەکان، داواکارییەکانی ئێمە تەنیا لە چوارچێوەی خەرجی راستەقینەیە، هەموارکردنەوەی یاسای بودجە دەکەوێتە دوای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، واتە دەکەوێتە ساڵی داهاتوو.

یاسای نەوت و گاز

ئەو ئەندامەی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، روونیکردەوە، رەشنووسی پڕۆژەیاسای نەوت و گاز بە تاک لایەنانە لەلایەن وەزارەتی نەوتی فیدراڵی نووسراوەتەوە ئەوەش کێشەکان قوڵتر دەکات.

ناوبراو گوتی: ئێمە لەگەڵ ئەو رەشنووسە نینە و روانگەی خۆمان وەک پەرلەمانتار پێشکەش کردووە، وەزارەتی نەوتی فیدراڵیش لە ئێستادا بیر و باوەڕێکی نوێیان بۆ دروستبووە لەو بیر و بۆچوونەی کە هەرێمی کوردستان هەیەتی لەگەڵ ئەو پارێزگایانەی دیکەی عێراق کە بەرهەمهێنەری نەوتن، لەبەر ئەوەی ئەو پارێزگایانەی کە بەرهەمهێنەری نەوتن هاوشێوەی هەرێمی کوردستان رازی نینە بەو رەشنووسەی کە هەیە.

سەباح سوبحی گوتیشی: هاوبەشی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەندێک لە پارێزگاکانی دیکەی عێراق کە بەرهەمهێنەری نەوتن وایکردووە یاساکە بە ئاراستەیەکی باشتر بڕوات و، وەک یاسای بودجەی لێنەیەت، چونکە لە یاسای بودجەدا هەر پارێزگایەک بۆ بەرژەوندی خۆی دەیویست یاساکە دابڕێژرێت، بەڵام یاسای نەوت و گاز شتێکی دیکەیە، چونکە لە هەندێک پارێزگا نەوت و گاز نییە، واتە بەرژەوەندی هاوبەش هەیە لە یاسای نەوت و گاز.

هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان

ئەو ئەندامەی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: بۆ مەبەستی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان هەوڵێکی جیددی هەیە لەلایەن تورکیا و عێراقەوە بۆ ئەوەی دووبارە نەوتی هەرێمی کوردستان هەناردە بکرێتەوە، لەبەر ئەوەی بە وەستاندنی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان زەرەرمەنەدی سەرەکی حکومەتی عێراقە، راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت ملیار دۆلار زیانی بە ئابووری عێراق گەیاندووە.

سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەیەوێت نەوت هەناردە بکرێتەوە، بەڵام ئەو کێشەیەی کە دێتە پێشمان لە ئێستادا ئەو گرێبەستانەن کە هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆمپانیاکانی بواری نەوت واژۆیکردووە، ئەو کاتی کە گرێبەستەکان واژۆکرا، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بەرهەمهێنانی نەوت هاوبەشی بە کۆمپانیاکانی بواری نەوت کردووە، بەڵام لە ئێستادا حکومەتی عێراق دەیەوێت گۆڕانکاری بکات لەسەر شێوازی گرێبەستەکانی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیا نەوتییەکان، لە هاوبەشی بەرهەمهێنانەوە بیانگۆڕێت بۆ هاوبەشی لە قازانج.

سەباح سوبحی دەشڵێت: ئەگەر هاتوو حکومەتی عێراق تێچووی گەڕان بە دوای نەوت، بیرلێدان و ئەو کەرستانەی کە کۆمپانیاکان هێناویانە بیدات بە کۆمپانیاکان، ئەوا کۆمپانیاکانیش لارییان نییە لەوەی شەش دۆلار هەژمار بکەن بەرامبەر بە دەرهێنانی یەک بەرمیل نەوت.

ئەو ئەندامەی لێژنەی نەوت و گاز لە پەرلەمانی عێراق گوتیشی: لەگەڵ وەزیری نەوت و بریکاری وەزارەتی نەوتی فیدراڵی قسەم کردووە و دەیانەوێت گۆڕانکاری لە هەندێک خاڵی گرێبەستی نەوتییەکانی نێوان هەرێم و کۆمپانیاکان بکەن، بەڵام بە رەزامەندی هەرێم و کۆمپانیاکانی بواری نەوت ئەو گۆڕانکارییانە دەکرێن.

سەباح سوبحی لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، ئەو خاڵانەی کە حکومەتی عێراقی دەیەوێت دەستکاری بکات نابێتە کێشە لەنێوان هەرێم و کۆمپانیاکانی بواری نەوت، چونکە بەهۆی ئەوەی ئێستا لێکتێگەیشتنێکی سێ قۆڵی هەیە لەنێوان حکومەتی هەرێم، فیدراڵی و تورکیا، بۆ گەیشتن بە رێگە چارەیەک بۆ دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، هەموویان جیددین لە دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان.