شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ: پارتی و یەکێتی بەیەکەوە دەتوانن کەرکووک بەڕێوەببەن

K24 – هەولێر:

ئه‌ندامێكی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی رایده‌گه‌یه‌نێت، پارتی و یەکێتی بەیەکەوە دەتوانن کەرکووک بەڕێوەببەن.

شاڵاو کۆسرەت رەسوڵ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، کەرکووکییەکان پێویستیان بەوەیە یەکێتی و پارتی و لایەنە کوردستانییەکان یەکڕیز بن.

گوتیشی: پارتی و یەکێتی بەیەکەوە دەتوانن کەرکووک بەڕێوەببەن و شتەکان باشتر بکەن.

پێشتریش قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆكوه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاندبوو،  پارتی و یه‌كێتی چه‌ندین پرسی هاوبه‌ش له‌نێوانیاندا هه‌یه‌ و گوتبوشی: كورد له‌ هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای كه‌ركووك سه‌رده‌كه‌وێت.

وابڕیارە لە 18ـی کانوونی یەکەمی ئەمساڵ، هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق (جگەلە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان) بەڕێوەبچێت، کە زیاتر لە 16 ملیۆن كه‌س مافی ده‌نگدانیان لەو هەڵبژاردنە هەیە و کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئامادەکاری کردووە بۆ کردنەوەی حەوت هەزار و 765 بنکەی ده‌نگدان کە لە 48 هەزار و 40 وێستگەی دەنگدان لەخۆدەگرێت، بۆ دەنگدانی گشتی، تایبەت و ئاوارەکان.

بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقیش، بۆ هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق، ناوەندەکانی دەنگدان و وێستگەکان لەلایەن فەرمانبەرانی دەوڵەت و خوێندکارانی زانکۆ و دەرچووان بەڕێوەدەبرێن كه‌ ژماره‌یان 214 هەزار و 595 کارمەندە.

رۆژی (31ـی تشرینی یەکەمی 2023) کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، پێنج هەزار و 915 کاندید کێبڕکێ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان دەکەن کە چوار هەزار و 258 کاندیدیان لە رەگەزی نێرن و هەزار و 657 کاندیدیش لە رەگەزی مێن و لەمیانی پرۆسەی وردبینیکردن و بەدواداچوون، 357 کاندید لە کێبڕکێی هەڵبژاردن دوورخرانەوە.

رۆژی (16ـی ئەیلوولی 2023)، کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، تیروپشکی بۆ دیاریکردنی ژمارەی لیستی هاوپەیمانی و پارت و کاندیدە سەربەخۆکان ئەنجامدا و دوای تەواوبوونی پرۆسەی پێداچوونەوە و وردبینی بۆ کاندیدە بەشداربووەکان لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراقیش، کاندید و لیستە بەشداربووەکانی هەڵبژاردن، لە سەرەتای ئەم مانگەوە بە فەرمی دەستیان بە پرۆسەی بانگەشەی هەڵبژاردن کرد.