وەزیری دەرەوەی کەنەدا بۆ کوردستان24: نیگەرانین لە پشتیوانیکردنی ئێران لە حەماس

مێلانی جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا
مێلانی جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا

K24 – برۆکسڵ:

وەزیری دەرەوەی کەنەدا نیگەرانی خۆی نیشاندا لە پشتیوانیکردنی ئێران لە بزووتنەوەی حەماس، ئەمەش لە کاتێکدایە ماوەی پێنج رۆژە ئاگربەست لە نێوان سوپای ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس جێبەجێ دەکرێت.

رۆژی سێشەممە (28ـی تشرینی دووەمی 2023) مێلانی جۆلی، وەزیری دەرەوەی کەنەدا بۆ کوردستان24 رایگەیاند، کەنەدا نیگەرانە لە هەڵوێستەکانی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پێویستە نەبێتە بەشێک لە هەڕەشەکانی ئیسرائیل.

مێلانی جەختی کردەوە، هەردوو رێکخراوی حەماس و حزبوڵڵا بە "رێکخراوی تیرۆریستی" ناسێندراون لەلایەن وڵاتەکەیەوە و نیگەرانی خۆشی دەربڕی لە پشتیوانیکردنی ئەو دوو رێکخراوە.

لەگەڵ دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و حەماس، دوای هێرشەکەی چەکدارە فەڵەستینییەکان لە 7ـی تشرینی یەکەم، وڵاتانی جیهان و ناوچەکە بەسەر هەردوو بەرەی پشتیوانیکردنی هەردوو بەرەی جەنگەکەدا دابەشبوون، وڵاتانی رۆژئاوا پشتیوانی لە ئیسرائیل دەکەن، زۆربەی وڵاتە ئیسلامییەکانیش، لە نێوانیاندا، ئێران پشتیوانی لە فەڵەستینییەکان دەکەن.

دوای 48 رۆژ لە جەنگ لە نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماس، رۆژی هەینی رابردوو بە نێوەندگیری قەتەر و میسر بۆ ماوەی چوار رۆژ ئاگربەستی مرۆیی راگەیەندرا بۆ ئاڵوگۆڕکردنی بەشێک لە بارمتە ئیسرائیلییەکان و زیندانییە فەڵەستینییەکان و دواتریش ئاگربەستەکە بۆ ماوەی دوو رۆژی دیکە درێژکرایەوە.