بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی: پەیامی ئاشتی و برایەتیمان بۆ ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان هەیە

ئەکرەم ساڵح
ئەکرەم ساڵح

K24-هەولێر:

بەرپرسی لقی 22 ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە گەرمیان رایدەگەیەنێت، پارتی پێشوەختە پەیامی ئاشتی و برایەتی و پێکەوە ژیانی بە هەموو لایەنەکان داوە لەو ناوچانەی پاشی شانزەی ئۆکتۆبەر بۆی گەڕاوەتەوە.

رۆژی سێشەممە( 28-ی تشرینی دووەمی 2023)، ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان بە کوردستان 24ی راگەیاند، پارتی دەمێکە کار بۆ هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق دەکات لە پارێزگای سەڵاحەدین و بەتایبەت لە قەزای دوزخورماتوو.

ئەو بەرپرسەی پارتی گوتیشی: بارودۆخی پارێزگای سەڵاحەددین جیاوازە لە ناوچەکانی دیکە، چونکە تەنها قەزای کوردستانی هەبێت لە پارێزگای سەڵاحەدین، قەزای دوزخورماتووە کە لەوێ پێکهاتەیەکی تێکەڵی ئایینی و نەتەوەیی هەیە و زۆرینەی دانیشتوانی قەزاکە کوردی رەسەنن و شارێکی کوردستانییە.

لەبارەی مەراسیمەکەی ئەمڕۆی پارتی لە دوزخورماتوو، بەرپرسی لقی 22ی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، ئەو مەراسیمە جەماوەرییەی ئەمڕۆ لە دوزخورماتوو ئەنجامدرا لە دوای شەش ساڵ دابڕان بەهۆی شانزەی ئۆکتۆبەرەوە، بۆ کاندیدێکیان ئەنجامیانداوە لەچوارچێوەی هاوپەیمانیەتی حەسمی نیشتیمانی بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ لیستەکە، دەشڵێت: خەڵکێکی زۆر بە جۆش و خرۆشەوە بەشداریان لە مەراسیمەکە کرد و بە هیواوە دەڕواننە پارتی دیموکراتی کوردستان و هیوای گەورەیان بەو پارتە هەیە، چونکە دەزانن پارتی لەهەر کوێیەک بێت، خزمەتگوزاری و ئاوەدانی و سەقامگیری و پێکەوەژیان هەیە .

بەرپرسەکەی پارتی دەڵێ: پلانی پارتی ئەوەیە دوای شانزەی ئۆکتەر  بەپێی رێککەوتنێک لەگەڵ بەغدا بارەگاکانمان لەو ناوچەیە جارێکی دیکە دەکەینەوە و هەوڵدەدەین کاندیدەکانمان لەو هەڵبژاردنە سەرکەوتوو بن، بۆ ئەوەی بتوانین پێکەوە ژیانی ئاشتیانە لەو ناوچانە باشتر بەرقەرار بکەین و هاوسەنگی سیاسیی و ئیداری بۆ ئەو ناوچانە بگەڕێنینەوە، لە کاتێکدا پاش شەش ساڵ ئەو ناوچانە پێویستیان بە کاری بەردەوام و هەماهەنگی و یەکگرتوویی و یەکڕیزی نێو ماڵی کوردە بۆ ئەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێنەوە .

کارزان حەیدەر