سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانان: هەنگوینی کوردستان لە دەرەوە خواستی زۆری لەسەرە

هەنگوینی کوردستان هەناردەی دەرەوەی وڵات دەکرێت
هەنگوین
هەنگوین

K24 - هەولێر

سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەراورد بە ساڵی رابردوو بەرهەمی هەنگوین ئەمساڵ کەمیکردووە.

عارف شێروانی سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: "ساڵی رابردوو بەرهەمی هەنگوین نزیکە هەزار و 100 تۆن بوو، ئەمساڵ 50% کەمیکردووە، چونکە وەرزی بارانبارینی درێژخایەن لە کوردستان، کاریگەری نەرێنی لەسەر رێژەی بەرهەمی هەنگەکان هەبووە".

گوتیشی: "سێ جۆرە هەنگوین لە هەرێمی کوردستان هەیە، هەنگوینی شانە هەنگوینی، هەنگوینی پاڵاوتە، جۆرێکەی دیکە هەنگەوان خۆی بۆی دادەنێت، باشترین جۆریشیان هەنگوینی پاڵاوتەیە، هەنگوینی شانە وەکو پێویست سوودی نییە بۆ ئێمەی هەنگەوان".

عارف شێروانی راشیگەیاند: "چەند جارێک لەگەڵ نووسینگەی سەرۆکوەزیران کۆبووینەتەوە، گفتوگۆمان لەبارەی هەناردەی بەرهەمی هەنگوین کردووە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە پلاندایە لە ماوەیەکی نزیکدا هەنگوینی کوردستان هەناردەی دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەکرێت، ئەمەش بۆ بە بازاڕکردن و ئاسانکاری بەرهەمی هەنگوینی هەنگەوانەکان، تاکو بتوانن بە ئاسانی هەنگوینی خۆیان بنێرنە دەرەوە".

ئەوەشی خستەڕوو: "حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەکاریی و ئەرکی هەناردەی خستووەتە سەر شانی خۆی، بۆ ئەوەی لە رووی ئاسانکارییەوە هیچ گرفتێک دروست نەبێت، بۆ هەنگەوان کە هەناردە بکرێت بۆ وڵاتان، جگە لەوەش بازاڕی بۆ دۆزیوەتەوە و ئامادەی کردووە".

سەبارەت بە نرخی هەنگوینی لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، سەرۆکی تۆڕی هەنگەوانان، گوتی: "لە رووی نرخەوە نرخی هەنگوین دیار نییە، هەر کەسێک بۆخۆی نرخ دادەنێت، بەڵام نرخەکانیش زۆر گران نین و زۆربەشیان نرخیان دیارە، نرخی هەنگوینی پاڵاوتە بە 40 هەزار دینارە، هی شانە بە 50 هەزارە، ئەوەشی شانەکەی بۆی دروست دەکرێت، 60 بۆ 70 هەزار دینارە".

بەگوێرەی داتاکانی تۆڕی هەنگەوانانی هەرێمی کوردستان، نزیکەی 15 هەزار هەنگەوان لە هەرێمی کوردستان هەن، هەروەها 800 هەزار پورەی هەنگیان هەیە. عارف شێروانی، ئاماژەی بەوەکرد، وەک هەنگەوانان بەشدارن لە زیادکردنی بەرهەمی ناوخۆ و هەمەچەشنکردنی، کە ئەمەش هاوتەریبە لەگەڵ پلانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

دەشڵێت: "وەک بەشێک لە دیدگای سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ هەمەچەشنکردنی ئابووری و پاڵپشتیکردنی کەرتی کشتوکاڵ، تیمی نووسینگەی سەرۆکوەزیران بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، لە مانگی یەکی ساڵی 2023 دوای لێکۆڵینەوەی و بەدواداچوونی ورد بۆ هەنگوین وەک یەکێک لە بەرهەمەکان بۆ هەناردەکردن لەمساڵدا هەڵبژێردرا. تیمی نووسینگەی سەرۆکوەزیران بە هاوبەشی لەگەڵ کۆمپانیایەکی ناوخۆیی، کاریان کرد بۆ دۆزینەوەی هەنگەوانان و دۆزینەوەی بازاڕە نێودەوڵەتییەکان بۆ هەنگوینی کوردستان".

عارف شێروانی، روونیکردەوە: "بۆ دڵنیابوون لە کوالیتی و پابەندبوونی هەنگوینی کوردستان بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، پرۆسەی پشکنینی پەیوەست ئەنجامدراوە وهەنگاوی یەکەمی تاقیکردنەوەکە لە مانگی شوباتی 2023 لە تاقیگەی NLRC لە شاری فوجەیرە لە ئیمارات ئەنجامدرا. هەنگاوی دووەمی پرۆسەی تاقیکردنەوە لە مانگی تشرینی یەکەمی 2023 لە تاقیگەی SGS لە شاری دوبەی لە ئیمارات ئەنجامدراوە".

ئا: لاڤین عومەر