گرووپی G7 داوای درێژکردنەوەی ئاگربەستی غەززە دەکەن

K24 - هەولێر

وەزیرانی دەرەوەی گرووپی G7، داوای درێژکردنەوەی ئاگربەستی غەززە دەکەن، بۆ زیادکردنی هاوکارییەکان و ئاسانکاریکردن بۆ ئازادکردنی بێ مەرجی سەرجەم دەستگیرکراوەکان.

وەزیرانی دەرەوەی گرووپی G7 لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا جەختیان کردەوە، کە پێویستە ئاسانکاری بۆ رۆیشتنی سەرجەم هاووڵاتیانی بیانی لە کەرتی غەززە بکرێت.

گوتیشیان: "پێویستە هەموو هەوڵێک بدرێت بۆ دەستەبەرکردنی پاڵپشتی مرۆیی بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی، لەوانەش خۆراک، ئاو، سووتەمەنی و پێداویستی پزیشکی"، دەشڵێن: "ئێمە پشتگیری درێژکردنەوەی ئەم ئاگربەستە و ئاگربەستەکانی داهاتوو دەکەین".

گرووپەکە پابەندبوونی خۆیان بۆ کارکردن لەگەڵ هەموو هاوبەشەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ رێگریکردن لە پەرەسەندنی ململانێکان و دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی لەسەر بنەمای چارەسەری دوو دەوڵەتی دووپاتکردەوە.

لە لایەکی دیکەوە، وەزیرانی دەرەوەی گرووپی G7، داوای لە حوسییەکانی یەمەن کردووە کە "دەستبەجێ هێرشەکان بۆ سەر خەڵکی سڤیل و هەڕەشەکان بۆ سەر رێڕەوی کەشتیوانی نێودەوڵەتی و کەشتییە بازرگانییەکان رابگرن".

لە رۆژی هەینی رابردوو رێککەوتنی ئاگربەستی غەززە، لە نێوان ئیسرائیل و حەماس، بە نێوەندگیری قەتەر و میسر و ئەمەریکا، چووە بواری جێبەجێکردنەوە، کە مەرجی رێککەوتنەکە ئازاد کردنی بارمتە و دیلەکان بوو لەگەڵ رەوانەکردنی هاوکارییە مرۆییەکان بۆ خەڵکی جڤیلی غەززە.