سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆم: ئێستا ئێران دەتوانێت بۆمبی ئەتۆمی دروستبکات

رافائێل گڕۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی
رافائێل گڕۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی

K24 - هەولێر

سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی دەڵێت، "ئێستا ئێران توانای دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمیی هەیە".

رافائێل گڕۆسی، سەرۆکی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی بە تەلەڤزیۆنی فرانس24ـی گوتووە، "کۆماری ئیسلامی لە ئاستی زۆر بەرزدا دەستی بە پیتاندنی یورانیۆم کردووە و مەواد و توانایی پێویست بۆ دروستکردنی بۆمبی ئەتۆمییشی هەیە."

ئەم قسانەی گڕۆسی لە کاتێکدان، ناوبراو لە چەند ڕۆژی رابردوودا لە راگەیەندراوێکدا بە ئەنجوومەنی لوتکەی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ڕاگەیاندبوو، پاشەکەوتی یۆرانیۆمی 5% و 20% و 60%ـی ئێران بەراورد بە مانگی ئەیلوولی ئەمساڵ زیادیکردووە.

سەرۆکی ئاژانسەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، هێشتا زۆر پرسیاری بێ وەڵام سەبارەت بە بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران هەیە و ئاژانسەکە بەپێی ئەرکی خۆی دەبێت ڕاستیی گوتەی کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران سەبارەت بە ئاشتیخوازبوونی بەرنامە ئەتۆمییەکەیان تاوتوێ بکات. 

ئەمە لە کاتێکدایە رۆژی 23-11-2023، گرۆسی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاندبوو، کۆماری ئیسلامیی ئێران مۆڵەتی کارکردنی یەک لەسەر سێی پسپۆڕە سەرەکییەکانی ئاژانسی هەڵوەشاندووەتەوە و ئەوەش زیانێکی زۆری بە پلانی چاوەدێریکردنی بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران گەیاندووە.

ڕافئێل گرۆسی ئاماژەی بەوەش کردبوو: "ئەم بڕیارەی ئێران زیانێکی گەورەی بە تواناکانی ئاژانس بۆ چاوەدێریی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران گەیاندووە. هەڵبەت ئێمە لەسەر چالاکییەکانمان هەر بەردەوام دەبین. بەڵام ئەوان رێگرییان لەو پسپۆڕانە کردووە کە شارەزایی و ئەزموونێکی زۆریان بە تایبەت لە بواری پیتاندنی یۆرانیۆمدا هەبووە. ئامادەکردنی ئەو پسپۆڕانە و هەبوونی ئەزموون و شارەزایی بۆ ئەنجامدانی کارەکانیان، کاتێکی زۆری دەوێت".