بەڕێوەبەرانی سی ئای ئەی و مۆساد لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی قەتەر کۆدەبنەوە

دەیڤید بارنیا بەڕێوەبەری مۆساد
دەیڤید بارنیا بەڕێوەبەری مۆساد

K24 - هەولێر

بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەوانیەکان، ویلیام بێرنزی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگری "سی ئای ئەی"ـی ئەمەریکا، رۆژی سێشەممە، گەیشتە قەتەر بۆ تاوتوێکردنی ئەگەرەکانی گەیشتن بە رێککەوتنێکی فراوانتر لە نێوان بزووتنەوەی حەماس و ئیسرائیلدا.

رۆژنامەی واشنتن پۆست بڵاویکردەوە، بێرنز هەوڵدەدات فشار بخاتە سەر حەماس و ئیسرائیل بۆ ئەوەی دانوستانەکانیان لەسەر ئاڵوگۆڕی دەستگیرکراوەکان فراوانتر بکەن و ئازادکردنی پیاوان و سەربازەکانیش بگرێتەوە، دوای ئەوەی ئازادکردنەکان تەنها ژنان و منداڵانی گرتووەتەوە.

لەلایەکی دیکەوە، رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ لە زاری بەرپرسێکی ئەمەریکی و سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە بڵاویکردەوە، کە بەڕێوەبەری "سی ئای ئەی" لە دەوحە لەگەڵ بەرپرسانی قەتەری و ئیسرائیل باس لە بەردەوامبوونی ئازادکردنی دەستگیرکراوەکان و لایەنەکانی دیکەی ململانێی غەززە دەکات.

ئاماژەی بەوەشکرد، هاتنی بێرنز بۆ قەتەر ئاماژەیە بۆ سەختی گفتوگۆکان، هەروەها ئاماژەیە بۆ ئەوەی کە دەیڤید بارنیا بەڕێوەبەری مۆساد، هەواڵگریی ئیسرائیل، بەشداری لەم کۆبوونەوەیەدا دەکات.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لە زاری سەرچاوەیەکەوە رایگەیاندووە، کە بەڕێوەبەری سی ئای ئەی و بەڕێوەبەری مۆساد لەگەڵ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال سانی سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی قەتەر لە دەوحە کۆدەبنەوە بۆ ئەوەی ئاگربەستی نێوان ئیسرائیل و حەماس بۆ ماوەی 48 کاتژمێری دیکە درێژ بکرێتەوە.

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکرد، بەرپرسانی میسریش بەشداری کۆبوونەوەی دەوحە دەکەن، ئەگەری رێککەوتنیش تاوتوێ دەکرێت.

لە ماوەکانی پێشوودا تۆڕی سی ئێن ئێنی ئەمریکی بڵاویکردەوە، بەڕێوەبەری هەواڵگری میسر، عەباس کامل، بەشداری ئەم دانوستانانە دەکات.

مەجید ئەنساری، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر رایگەیاند، لە ماوەی ئاگربەستی سەرەتاییدا کە چوار رۆژی خایاندووە، 150 فەڵەستینی لە زیندانەکانی ئیسرائیل ئازادکراون، لەبەرامبەریشدا 69 بارمتە  لە غەززە ئازاد کراون.