هاووڵاتییەکی هەولێر: کوالێتیی نەوتی ئەمساڵ زۆر باشە

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

زۆرینەی هاووڵاتییانی هەولێر نەوتی سپییان وەرگرتووە. هاووڵاتییان سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و دەڵێن، "کوالێتیی نەوتی ئەمسال زۆر لە ساڵی رابردوو باشترە".

دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوەندیی شاری هەولێر بەردەوامە. هاووڵاتییان پێشتر فۆرمی خۆراکیان پێشکەش بە بریکارەکانی خۆراک کردووە بۆ ئەوەی هەر خێزانێک 200 لیتر نەوتی سپی وەربگرن و مافیان نەفەوتێت. هاووڵاتییان سوپاسی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن و باسی کوالێتیی نەوتەکەش دەکەن.

یوسف زاهیر، هاووڵاتییەکی هەولێرە و نەوتی سپی وەرگرتووە؛ دەڵێت، "لە زۆرینەی گەڕەکەکانی هەولێر پڕۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەردەوامە، پڕۆسەکە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت و ئێستا نیوەی هەولێر نەوتەکەی وەرگرتووە. کوالێتیی ئەو نەوتەی ئەمساڵ دابەشکراوە، لە ساڵانی رابردوو زۆر باشترە، نەوتەکە خاوێنە و کە لە ماڵ دەسووتێندرێت، هیچ زیانێکی نییە".

هاووڵاتیی تەها سابیریش باس لەوە دەکات: "شارەزاییم لە جۆرەکانی نەوت هەیە. کوالێتیی نەوتی ئەمساڵ دەرەجە یەکە و حکومەت پشکنینی بۆی کردووە؛ خراپ بێت، دەڵێم خراپە. داوا لە هاووڵاتییان دەکەم کەس نەوت نەفرۆشێت، ئەم نەوتە نەبێت، هیچ جۆرە نەوتێکی دیکە بە کەڵکی سووتان نایەت".

بۆ هەر بەرمیلێک نەوت 103 هەزار دینار لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە لە هاووڵاتییان وەردەگیرێت. حکومەت سەدا 50 پاڵپشتی کردووە بۆ ئەوەی بە کەمتر لەسەر هاوڵاتییان بکەوێت. قائیمقامی هەولێریش دەڵێت، هەر کەسێک دەستکاری کوالێتیی نەوتەکە بکات، رووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.

نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر دەڵێت: "نرخی هەر بەرمیلێک نەوت بە 103 هەزار دینار دیاریکراوە. خواستی ئێمە ئەوەیە نرخەکە کەمتربێت. هیچ پاڵپشتییەکی حکومەتی فیدراڵی نییە و هیچ بڕە نەوتێکی بۆ ئێمە دابیننەکردووە".

ئەوەشی خستەڕوو: "ئەو نەوتەی دابەشدەکرێت، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە بازاڕی رەش بە نرخێکی گران کڕیویەتی و بە نرخێکی هەرزانتر بەسەر بەسەر هاووڵاتییان دابەشی دەکات. هەوڵەکان بەردەوامن بۆ ئەوەی حکومەتی فیدراڵیش بڕێکی زۆری نەوت بۆ هەرێمی کوردستان دابین بکات. ئەو کات دەتوانرێت بەرمیلی دووەمیش بدرێتە هاووڵاتییان".

بریارە دابەشکردنی نەوتی سپی لە ناوەندی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەردەوام بێت تاوەکو  هەموو هاوڵاتییان بەبێ جیاوازی لێی سوودمەند بن.