چاودێرێکی سیاسی: دوورخستنەوەی حەلبووسی کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکان نابێت

kurdistan24.net

K24 – هەولێر

چاودێرێکی سیاسی لە بەغدا رایگەیاند، دوورخستنەوەی حەلبووسی کۆمەڵێک کاردانەوەی بەدوای خۆیدا هێنا، بەڵام کاریگەری لەسەر هەڵبژاردنەکان نابێت و حەلبووسی خۆیشی پشتیوانی لە بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکات.

ئەمڕۆ چوارشەممە 29ی تشرینی دووەمی 2023، دورێد تۆفیق، چاودێری سیاسی لە بەغدا، لەمیانەی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، گوتی: "کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان کارەکانی خۆی تەواو کردووە، بەپێی ئەو خشتەیەی کۆمسیۆن بۆخۆی دیاریکردووە، هەموو ئەو کارانەی کە پێویست بوون بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان، لە دروستکردنی کارت، دابەشکردنی کارتی بایۆمەتری، کۆپی کردنی بەڵگەنامەکانی دەنگدان و ئامادەکردنی فەرمانبەران هەمووی کردووە، ئەوەی کە ماوەتەوە تەنیا رۆژی دەنگدانە، هەموو دەنگدانێک لە جیهان پێویستی بە دووشت هەیە، ئاسایشی سیاسی و ئاسایشی ئەمنی، لە ئێستادا عێراق هەردووکی هەیە".

گوتیشی: "ئەوەی پەیوەستە بە حەلبووسی و سەرکردایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، خودی حەلبووسی، رایگەیاندووە "کە پارتی تەقەدوم بە بەهێزییەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان دەکات"، هەرچەندە خۆی دوورخراوەتەوە لە پڕۆسەی سیاسی، حەلبووسی پاڵپشتی هەڵبژاردن دەکات و سوورە لەسەر بەشداری کردنی هەڵبژاردن، ئەوەشی کە پەیوەستە بە کوتلەی سەدر، بڕیارێکی روونی داوە و بەشداری ناکات و بایکۆتی کردووە، بڕیارەکەی تەواو سیاسییە، پێم وانییە زیان بگەیەنێت بە پڕۆسەی هەڵبژاردن، سەدر بە تەواوی لە پرۆسەی سیاسی کشاوەتەوە، بایکۆتکردنی هەڵبژاردن تەنیا کاریگەری لەسەر رێژەی دەنگدان دەبێت".

دورێد تۆفیق، ئاماژەی بەوەشدا: "لە عێراق کۆمەڵێک ململانێ هەیە لەناو هێزە سیاسییەکان، هەر هێزێکی سیاسی دەیانەوێت لایەنگرانی خۆیان بچنە سەر سندووقی دەنگدان، کۆمەڵگەی عێراقی خاوەن هۆشیارییەکی باشە بۆچوون بۆ هەڵبژاردنەکان ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵام هەر یەکێک لە پارتە سیاسییەکان خاوەن لایەنگری زۆرن، بەشداریکردنی ئەوان دەبێتە گۆڕنکاری لە نەخشەی سیاسی لە بەڕێوەبەردنی پارێزگاکاندا".

ئەو چاودێرە دەڵێت: "عێراق لە ساڵی 2003ـەوە هیچ هەڵێکی وای لەبەر دەستدا نەبووە یاخود نییە، تەنیا لە رێگەی سندووقی هەڵبژاردنەکانەوە دەتوانن گۆڕانکاری بکەن".