دانیشتوانی گوندی پەروێزخان داوای قەرەبووکردنەوە دەکەن

 K24 - هەولێر

چەند رۆژێکە دانیشتووانی گوندی پەروێزخان کە دەکەونە سنووری مەرزی نێودەوڵەتی پەروێزخان لە نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران خۆپیشاندان دەکەن و ناڕەزایەتی دەردەبڕن لەوەی کە پلانی فراوانبوونی مەرزی پەروێزخان رۆژ بە رۆژ دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

دانیشتوانی ناوچەکە دەشڵێن: بەو هۆیەوە 250 دۆنم زەوی  ئێستا کاری لەسەر دەکرێت بۆ ئەوەی  پەرژین بکرێت، ئەو زەویانە کە لە چوارچێوەی فراوانبوونی مەرزی پەروێزخان دایە لە لە هەمان کاتیشدا دانیشتووانی مەرزی پەروێزخان داوای قەرەبوو دەکەن.

خالید حەمید ئەندامی ئەنجومەنی گوندی پەروێزخان  بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێمە یاداشتێکمان داوەتە ئیدارەی گەرمیان بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێینەوە، قەرەبووکەشمان ئەوەیە داوای دامەزراندن ئەکەین لە مەرزەکە و دەمانەوێ سوودمەندبین لەو پڕۆژە بازرگانییانەی لە مەرزەکە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، بۆ ئەوەی هەر پرۆژەیەک لەو ناوچەیە ئەکرێت دانیشتووانی گوندەکەی ئێمە لێی دابمەزرێن یاخود پرۆژە بازرگانییەکان بدەن بە ئێمە سەرپەرشتی بکەین بۆیە ناڕازین لەوەی کە تا ئێستا وەڵاممان نەدراوەتەوە.

هاوکات جەلال شێخ نووری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە کوردستان24ـی گوت: ئەوان کاریان کردووە لەوەی کە بەشێکی ئەو جووتیارانە قەرەبوو کراونەتەوە ئەو داخوازی و داواکارییانەی دیکەشیان بە یاداشتێک ئاراستەی جێگری سەرۆکی حکومەتیان کردووە بۆ ئەوەی وەڵام بدرێنەوە و چاوەڕێی وەڵامین تا لە رووی ئیداری و کار گێڕیەوە وەڵامی داخوازی دانشتوانی گوندی پەرۆێزخان بدەینەوە.

جگە لەو 250 دۆنم زەویە 450 دۆنم زەوی دیکە کە دەکەوێتە سنووری مەرزەکەوە لە لایەن وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ائو  گرێبەستی ئەو جووتیارانەی لە رابردوودا کاری کشتوکاڵیان لەسەر کردووە وە لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی گەرمیان نوێ نوێ ناکەنەوە، لەبەر ئەوەی ئەو 450 پەنجا دۆنم زەویەش دەچێتە چوارچێوەی فراوانکردنی ناوچەکە.