بۆ یەکەمجار لە هەڵبژاردنی داهاتوودا کامێرا لە بنکەکانی دەنگدان دادەنرێن

K24 – هەولێر

یاریدەدەری وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، کۆمسیۆن هەموو ئامادەکارییەکانی تەواو کردووە و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان لەکاتی خۆیدا دەکرێت.

نیبراس ئەبو سۆدە، یاریدەدەری وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق لەمیانی بەشداریکردنی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24، گوتی: "کۆمسیۆن بەشێوەیەکی کردەیی هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان کردووە، لە 18ی کانوونی دووەم هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا دەکرێت، هەموو پێداویستییەکانی هەڵبژاردن گەیشتوونەتە بەغدا، بەم نزیکانە کارتی دەنگدان بەسەر سەنتەرەکانی دەنگدان دابەش دەکرێن".

گوتیشی: "بۆ یەکەمجار لەم هەڵبژاردنەدا کامێرا لە بنکەکانی دەنگدان دادەنرێن، چاوەڕێین بەم نزیکانە کامێراکان بگەن، ئێستا راهێنان بە کارمەندانی کۆمسیۆن لە قۆناغی دووەم دایە، راهێنان بەو کەسانەش دەکرێت کە چاودێری کامێراکان دەکەن".

یاریدەدەری وتەبێژی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ئاماژەی بەوەشدا: "ئەمساڵ یاسای بەڕێوەچوونی هەڵبژارن جیاوازە لە هەڵبژاردنەکانی پێشتر، بۆیە لەسەر ئاستی هونەری جیاوازی زۆرە، بەتایبەتی کامێرا، کۆمسیۆن بڕیاریداوە کامێرا لە هەموو بنکەکانی دەنگدان و کاتی جیاکردنەوەی دەنگەکان کامێرا هەبێت".

روونیکردەوە: "دەبێ کامێراکان جێگیر بکرێن، بۆیە کۆمسیۆن کاتێکی دیاریکردووە، بۆ کۆتاییهێنان بە کارە هونەرییەکان و جێگیرکردنی کامێراکان، پێش کاتی دەنگدان هەموو ئامادەکارییەکان بۆ پرۆسەی دەنگدان تەواو دەبن".

نیبراس ئەبو سۆدە، دووپاتیکردەوە: "کۆمسیۆن و سەرۆکوەزیرانی عێراق و هەموو دامەزراوەکانی دیکە جەختیان لەوە کردووەتەوە کە هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا بەڕێوەدەچێت، هیچ نیەتێک بۆ دواخستنی هەڵبژاردن نییە".

ئەوەشی خستەڕوو: "لەسەر ئاستی جیهان داوامان لە 93 وڵات کردووە کە بێن چاودێری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق بکەن، هەروەها داواشمان لە باڵیۆزخانە و کونسوڵخانەکان کردووە چاودێری پرۆسەکە بکەن، بێگومان نەتەوە یەکگرتووەکان وەک هەڵبژاردنەکانی پێشتر ئامادەیی دەبێت و چاودێری پرۆسەکە دەکات".

ئاشکراشی کرد: "لە بانگەشەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان نزیکەی سێ هەزار پێشێلکاری تۆمار کراون، بەپێی یاسای کۆمسیۆن هەر کاندیدێک سەرپێچی بکات ئاگاداری دەکەینەوە، ئەگەر دووبارە بکاتەوە، رەنگە لە هەڵبژاردن دووری بخەینەوە، جگە لەوە یاسای پێبژاردنیشمان هەیە".